كەسێكی نزیك لە مالیكی دەبێتە راوێژكاری سیاسی سوودانی

:: PM:04:59:24/01/2023 ‌

دوای پاشەكشەی موقتەدا سەدر لە كایەی سیاسیی عێراق، خەریكە نووری مالیكی گەورە نەیاری، كۆنترۆڵی تەواوی كایەكانی دەوڵەت و پلە و پۆستە گرنگەكانی حكوومەتی عێراق دەكات، بەدەر لەوەی لە نووسینكەی مالیكییەوە رێوشوێنەكانی حكوومەتی نوێی عێراق دێتە راگەیاندن، خەریكە دار و دەستەكەی دەگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی و كۆنترۆڵی شوێنە گرنگەكان دەكەن.

وەك سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق ئاماژەی كرد كە سامی عەسكەری، سەركردە لە حزبی دەعوەی نووری مالیكی، پۆستی راوێژكاری سیاسیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی پێ دراوە، كە هەروەها پەرلەمانتارێكی پێشوو بووە لەسەر لیستی دەوڵەتی یاسا.  

دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ئەندامی پێشووی حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، خەریكە تەواوی كایەكانی دەوڵەتی عێراق دەكەونەوە ژێر كۆنترۆڵی نووری مالیكی و حزبەكەی، وای لێ هاتووە هەندێك پێشبینی گەڕانەوەی راستەوخۆی مالیكی بۆ دەسەڵات بكەن، كە رەنگە ئەوە ببێتە هۆی لێكترازانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەی نزیك لە ئێران، بەهۆی باڵادەستیی مالیكی بەسەر هەموو شتێك.

دوێنێ و بە پاساوی هۆكاری تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار، سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا غالب موخیفی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی دوور خستەوە و لە بری ئەو عەلی موحسین عەلاقی دانا، كە سەركردەیەكی پێشووی حزبی دەعوە و كەسێكی نزیكی مالیكییە، جیا لە لادانی بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق و دانانی كەسێكی نزیك لە مالیكی لەو پۆستە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل