نرخی ماسی گران بووە.. پێوەندی بە سەرماوە چییە؟

:: PM:09:43:24/01/2023 ‌

بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر ماسی هەیە و نرخی لە بازاڕەكان گران بووە، لە سلێمانی خواست لەسەر ماسی لەزیادبووندایە، ماسی فرۆشێك باس لەوە دەكات كە بە سەرما خواستی زیاتر لەسەر ماسی هەیە، ئەوەش وای كردووە نرخەكەی لە بازاڕ گران بێت، كاتێك بە بەراورد بە دوو مانگی رابردوو بۆ هەر كیلۆیەك سەرو دوو هەزار دیناری چووەتە سەر.

لەگەڵ گرانبوونی نرخی ماسی، نرخی ماسی برژاویش گران بووە، پێشتر كیلۆی بە حەوت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستە یەك كیلۆ بە  10 هەزار دینارە، خاوەن دوكانێكی ماسی برژاو باس لەوە دەكات كە ماسی برژاویش خواستی لەسەرە و رۆژانی پێنجشەم خواستەكە زیاتر دەبێت، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخەكەی كاریگەری لەسەر بازاڕ دروست نەكردووە.

لەوبارەوە یاسین فایەق، خاوەنی ماسی برژاوی كانی با بە "وشە"ی گوت، نرخی ماسی كاڵ و برژاویش گران بووە، ئێستە یەك كیلۆ ماسی برژاو بە 10 هەزار دینارە، یەك كیلۆ ماسی كاڵی زیندووش بە حەوت هەزار دینارە، پێش دوو مانگ نرخی كیلۆیەك ماسی برژاو بە هەشت هەزار دینار و ماسی كاڵیش بە چوار هەزار دینار بوو، دووپاتی كردەوە، ماسی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هی پڕۆژەكانی تەق تەقە، كە باشترین جۆری ماسییە و لە ماسی باشووری عێراقیش تام و چێژی خۆشترە.

باسی لەوە كرد، لەگەڵ ئەوەی نرخی ماسی برژاو گران بووە، بەڵام هێشتا خواستی لەسەر هەیە، ئێمە ئەو نرخەمان پێ زۆرە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ماسی كاڵیش نرخەكەی بەرز بووەتەوە، كاتێك ماسی كاڵ نرخی بەرز بێت، ماسی برژاویش گران دەبێت، بەڵام پێویستە لایەنی پَیوەندیدار چاودێری بخەنە سەر دوكانەكانی فرۆشتنی ماسی برژاو، چونكە دوكان هەیە یەك كیلۆ ماسی برژاو بە 14 هەزار دینار دەفرۆشێت، كە ئەمە نرخێكی زۆرە، لەكاتێكدا ماسی كاڵ یان زیندوو ئەوەندە گران نەبووە كە بە 14 هەزار دینار بفرۆشرێت.

پێوەست بەو بابەتەوە محەمەد جاف، ماسی فرۆش بە "وشە"ی راگەیاند، نرخی ماسی گران بووە، پێشتر یەك كیلۆ ماسی ئەگەر دوو كیلۆ بەرەو سەر بوایە، بە چوار هەزار تا چوار هەزار و 500  دینار بوو، بەڵام ئێستە بۆ حەوت هەزار دینار گران بووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە نرخی ئالیك و پێویستییەكانی تری پڕۆژەكان گران بووە، ئەوەش وای كردووە كە نرخ گرانبێت، هەروەها لەم كاتی زستان و سەرمایەدا راوكردن كەمی كردووە، ئەوەش وای كردووە نرخ گرانبێت، بەڵام خواستیش هەیە، چونكە ماسی خواردنێكە خەڵك لە سەرمادا حەزی پێ دەكات.

سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لەبارەی گرانبوونی ماسییەوە بە "وشە"ی گوت، پێویستی مانگانەی سلێمانی بە گۆشتی ماسی لە وەرزی زستان و هاوین جیاوازە، لە هاوین خواست كەمتر دەبێتەوە، بەڵام لە زستاندا خواستەكە زیاتر دەبێت، ئێستە كە وەرزی سەرمایە خواست لە نزیك هەزار تۆنە بۆ یەك مانگ، ئەو ماسییەش هی پڕۆژەكان و راو و هاوردەكراوی باشوور و شارەكانی تری عێراقە.

ئاماژەی كرد، نرخی ماسی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازە، هەروەها جۆری ماسییەكەش نرخی جیاوازە، بەگشتی نرخ دیاری نەكراوە و بەپێی خواستە، كێبڕكێش هەیە بۆ ئەوەی نرخەكە كەمتر لەسەر هاووڵاتییان بكەوێت، بەڵام نرخی ماسی گەورە و زیندوو و هی پڕۆژەكان نرخیان جیاوازترە لە ماسی تر.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل