بۆچی كێشەی دەروونی هەوكردنی قۆلۆن دروست دەكات؟

:: PM:09:59:24/01/2023 ‌

دەكرێ پرسیارەكە بە شێوەیەكی تر بكرێت، پێوەندی مێشك بە ریخۆڵەوە چییە؟، كاتێك لە دوای رارایی و سترێس و شێوانی دەروونییەوە هەست بە كێشە لە ریخۆڵەكان دەكرێت، بۆیە پێوەندییەكی دووسەرە لە نێوان مێشك و ریخۆڵەكاندا هەیە بەناوی تەوەری مێشكی ریخۆڵەیی.

ئەگەرچی وەك ناونیشان دووپات كراوەتەوە كە پێوەندی لە نێوان كێشە دەروونی و كێشەكانی ریخۆڵەدا هەیە، بەڵام هێشتا زانایان بەدوای دیاریكردنی وردەكاریی ئەو پێوەندییەدا دەگەڕێن، گریس دیرۆشا، پسپۆڕی خۆراك لە ئەمەریكا دەڵێت، تەوەری مێشكی ریخۆڵەیی پێوەندییەكی دووسەرەیە لە نێوان كەناڵی هەرس و كۆئەندامی دەماری ناوەندییەوە.

واتە ناوچەكانی بەرپرس لە هەستكردنی سۆز و هۆشیاری لە مێشك بە ریخۆڵەكان دەبەستێتەوە، ئەگەر ریخۆڵە یان مێشك شپڕزە بێت ئاماژەكان بۆ ئەوەی تر دەگوازنەوە، ئەوەش لە رێگەی تۆڕێكی ئاڵۆزەوە روودەدات، كاتێك سیستمی خۆراك كاریگەری گەورەی لەسەر بەكتریای ناو كۆئەندامی هەرس هەیە.

ئەو بەكتریایانە رۆڵی سەرەكیان لەو پێوەندییەدا هەیە، ئەوان ریشاڵەكان لەناو ریخۆڵەدا دەترشێنن و ترشی چەوری زنجیرە كورت بەرهەم دێت، ئەو ترشانە توانای بڕینی دیواری لوولەكانی خوێنی مێشكیان هەیە و كاریگەری لەسەر میشك و فەرمانەكانی دروست دەكەن، بۆیە دەكرێ كاریگەریی ریخۆڵە لەسەر مێشك و گۆڕانی دۆخی دەروونی كەسەكان بەوە لێك بدرێتەوە، وەك جین فۆستەر، مامۆستای دەروونناسی لە ویلایەتی تەكساس وا دەڵێت.   

لەلایەكی تر لە حاڵەتی دروستبوونی ناهەوسەنگی و شێوان لە بەكتریای ریخۆڵە، ئەوانە دەچنە ناو لوولەكانی خوێن، بەتایبەتی بەكتریای خراپ، بۆیە هەوكردن دروست دەكەن، لە رێگەی ئەو پێوەندییە لەگەڵ مێشكیش دەگەنە ئەوێ و هەوكردنی مێشك دروست دەكەن، بۆیە چەندان نەخۆشی دەمارەكان سەر هەڵدەدات، وەك ئەلزەهایمەر و پاركنسۆن و رارایی و شێوانی میزاجی.

لەلایەكی تر 500 ملیۆن خانەی هەستەدەمارەكان لە ریخۆڵەوە بە مێشكەوە بەستراوەتەوە، كە دەماری نادیار دیاترینیانە و رۆڵی لە لەشدا هەیە، لەوانە بەستنەوەی كەناڵی هەرس و كۆئەندامی دەمار، بۆیە كاریگەریی سترێس و گوشاری دەروونی لە رێگەی ئەو دەمارەوە بۆ ریخۆڵەكان دەگوازرێتەوە و چەند حاڵەتێك دروست دەكەن، لەوانە هەوكردنی قۆلۆن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل