واشنتن و بەرلین رێك كەوتن.. تانكی پێشكەوتوو بە ئۆكراینا دەدەن

:: PM:11:37:24/01/2023 ‌

لە ماوەی دواییدا مشتومڕ لەسەر پێدانی تانكی پێشكەوتوو بە سوپای ئۆكراینا هاتە كایەوە، كاتێك وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ داوایان لە ئەڵمانیا كرد تانكی "لیوپارد2" بە ئۆكراینا بدات، یان رێگە بەوان بدات پێی بدەن، بەڵام بەرلین رەتی كردەوە، رۆژنامەیەكی ئەمەریكی باسی چارەسەربوونی كێشەكە دەكات.

هێرشی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا لە ساڵێك نزیك دەبێتەوە و هێشتا بەردەوامە، ئێستە رووسیا پشت بە میلیشیای ڤاگنەر دەبەستێت بۆ پێشڕەویكردن لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، رووسیا دەیەوێ بەر لە هەر هێرشێكی فرەوانی ئۆكراینا، شوێنە ستراتیجییەكان لە ناوچەكە كۆنترۆڵ بكات، ئۆكرایناش هانی ئەمەریكا و ئەندامانی ناتۆ دەدات تانكی پێشكەوتووی پێ بدەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی رووسیا.

وەك رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، باسی كردووە، بەرپەرسێكی ئەمەریكی دەڵێت، ئەمەریكا بەنیازە ژمارەیەك تانكی جۆری "ئەبرامز ئێم وەن"، بداتە ئۆكراینا، كە رەنگە لە ماوەی ئەم هەفتەیە ئەو هەنگاوە بێتە راگەیاندن.

بەپێی رۆژنامەكە ئەو رەزامەندییەی كۆشكی سپی تا ئێستە بەفەرمی رانەگەیندراوە، كە رەنگە لە چوارچێوەی لێكگەیشتنێك بێت لەگەڵ ئەڵمانیا، بۆ پێدانی ئەو تانكانەی ئۆكراینا داوایان دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا بەفەرمی رەزامەندی لەسەر ئەوە دا كە وڵاتانی ئەوروپا، لەوانەش پۆڵەندا دەتوانن تانكی "لیوپارد2"، بۆ ئۆكراینا رەوانە بكەن، بەپێی ئەو لێكگەیشتنەی لەگەڵ ئەمەریكای كردووە، ئەڵمانیا رێگە بە رەوانەكردنی ژمارەیەكی سنووردار لە تانكەكانی بۆ ئۆكراینا دەدات، لەپاڵ رێگەدان بە وڵاتی تر وەك پۆڵەندا بەوەی بە ئۆكراینای بدات. 

ئەو لێكگەیشتنەی ئەڵمانیا و ئەمەریكا دوای پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆكی هەردوو وڵات لە 17ی ئەم مانگە هات، كاتێك واشنتن بە رەوانەكردنی ژمارەیەك تانكی جۆری "ئەبرامز" رازی بوو، گەورە بەرپرسێكی ئەڵمانیاش ئاشكرای كرد كە رەوانەكردنی تانك بۆ ئۆكراینا لەدوای دانوستانێكی گەرم لە نێوان بەرلین و واشنتن لە ماوەی هەفتەیەك هات و ئێستە بابەتەكە لە رێگەی چارەسەركردنە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل