رووداوێكی خۆكوشتن ئه‌مڕۆ ته‌واوی میدیاكانی میسری داگیر كردووه، ئه‌ویش كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵی به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام باوكی سووكایه‌تیی پێ كردووه، كاردانه‌وه‌ی كچه‌كه‌یش ئه‌وه بووه خۆی بكوژێت.
پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 25ی كانوونی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، له شارۆكه‌ی زه‌قازیقی پارێزگای میسر، ئه‌مڕۆ كچێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵی له نهۆمی هه‌شته‌می ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی تێدا نیشته‌جێن، خۆی فڕێ ده‌داته خواره‌وه و ده‌ستبه‌جێ گیان له ده‌ست ده‌دات.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوی بنكه‌ی پۆلیسی زه‌قازیق، ئه‌و كچه ناوی "فاتیمه. ا"ـه و ته‌مه‌نی 18 ساڵه و به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی سووكایه‌تیی زۆری پێ كردووه و توندوتیژیی له‌گه‌ڵیدا به‌كار هێناوه، بڕیاری خۆكوشتنی داوه و بڕیاره‌كه‌شی جێبه‌جێ كردووه.
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان، ئه‌و كچه به‌رله‌وه‌ی خۆی بكوژێت، له‌ڕێی "فه‌یسبووك"كه‌یه‌وه پۆستێكی كردبوو و نووسیویه‌تی، "داوای لێبوردن له هه‌مووتان ده‌كه‌م".
پێشتریش پۆستێكی تری بڵاو كردووه‌ته‌وه كه باوكی له‌سه‌ر وێنه‌یه‌كی ئه‌و
نووسیویه‌تی، "خودا تۆمان لێ بسێنی و هه‌موو دنیا له نه‌بوونی تۆ ئاسووده‌بن". ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی باوكی داوه‌ته‌وه و بۆی نووسیوه، "خودا لێت ببوورێ، نازانم چین بۆ بنووسم، به‌ڵام بزانه كه من به‌هۆی تۆوه باش نیم باوكه".
دوای خۆكوشتنی ئه‌و كچه، پۆلیس ته‌رمه‌كه‌یان بۆ پزشكی داد گواستووه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ باوكه‌كه‌ی.
هه‌ر ئه‌مڕۆیش پۆلیسی كۆمه‌ڵگه له فه‌رمانگه‌ی پێوه‌ندییه‌كان و ڕاگه‌یاندن له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، توانیان كچێك له خۆكوشتن ڕزگار بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵیان له كه‌سێكه‌وه پێ گه‌یشت كه كچێك هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات به‌هۆی ئازاردان و سووكایه‌تی پێكردن له‌لایه‌ن براكه‌یه‌وه . كچه‌كه رزگار كرا و لێكۆڵینه‌وه‌یش له‌گه‌ڵ براكه‌ی ده‌ستی پێ كردووه.