نەتەوەیەکگرتووەکان لە برسیبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی سووریا هۆشداری دا

:: AM:11:21:28/01/2023 ‌
دامەزراوەی خۆراکی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی برسیبوونی ملیۆنان هاووڵاتیی سووریا هۆشداری دا و رای گەیاند خەڵکێکی زۆر خۆراکی پێویستی رۆژانەیان دەست ناکەوێت و دەبێت چارەیەک بدۆزرێتەوە.

زیاتر لە 11 ساڵە جەنگی ناوخۆیی لە سووریا دەستی پێ کردووە و وێرای کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ئێستە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی سووریا لەبەردەم مەترسی قڕی و برسێتیدان.

بەرنامەی خۆراکی رێکخراوەکە ئاماژەی داوە برسێتی هەڕەشە لە دایکان و منداڵان دەکات و نرخی خۆراکیش تەنیا لە سێ ساڵدا 12 هێندە گران بووە. 

دێڤد بیزلی، بەڕێوەبەری دامەزراوەکە گوتوویەتی ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی فریای خەڵکی سووریا نەکەوێت ئەوا شەپۆلێکی تری کۆچ لەو وڵاتەوە دەست پێ دەکات.

90% لە دانیشتووانی سووریا هەژارن

بەگوێرەی بی بی سی، کە پشتی بە ئامارێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەستووە، 90% لە دانیشتووانی سووریا هەژارن، ئابووری ئەو وڵاتە بەهۆی شەڕ، وشکەساڵی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی، رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێ.

ژمارەی دانیشتووانی سووریا 18 ملیۆن کەسە و رێژەی برسێتی لەو وڵاتە گەیشتووەتە لووتکە و پێشبینی کراوە 70% لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە ئایندەیەکی نزیکدا چیتر نەتوانن پێداویستی خۆراکیان دابین بکەن.

سووریا بەسەر سێ بەشدا دابەش بووە بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدان، بەشێک لە ژێر دەسەڵاتی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکاندایە کە لە لایەن تورکیا پشتیوانی دەکرێن و بەشێکی تریشیان لە ژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکرات بەڕێوە دەبرێن کە زۆرینەیان کردن.


وشە - سلێمان تاشان