منداڵێك بە گەستنی سەگ گیانی لەدەست دا

:: PM:05:34:28/01/2023 ‌

سەر بە هەر كۆڵانێكدا دەكەیت ژمارەیەك سەگ پاڵ كەوتوون، بەهۆی بوونیان وەك بەڕەڵا و نەزانینی كاردانەوەیان بەرانبەر بە مرۆڤەكان، ئەوان ترس و تۆقاندنیان دروست كردووە، تەنانەت چەندان جار پەلاماری منداڵ و كەسی گەورەش دەدەن، لە مووسڵ كەمتر لە مانگێكە سەگی بەڕەڵا منداڵێكیان گەستووە، ئەمڕۆ بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەك لە مووسڵ ئاماژەی كرد كە كەمتر لە مانگێك پێش ئێستە سەگی بەڕەڵا لە گوندی مشێریفە سەر بە شارەدێی نەمروود، منداڵێكیان گەست، ئەمڕۆ بەهۆی كاریگەریی ئەو گەستنەوە گیانی لەدەست داوە. 

د. عوودەی عەبادی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری لە نەینەوا دەڵێت، ژمارەی سەگە بەڕەڵاكان لە سنووری پارێزگەی نەینەوا لە 100 هەزار سەگ نزیك بووەتەوە، دووپاتی كردەوە كە پێویستیان بە ساڵێك هەیە بۆ لەناوبردنیان، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشكردنیان بۆ سەر خەڵك و ژمارەی برینداران زیادی كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان، لە ماوەی ئەم مانگە لە سنووری پارێزگاكەدا ژمارەی بریندارانی بەهۆی گەستنی سەگی بەڕەڵاوە گەیشتووەتە 30 حاڵەت، واتە رۆژانە حاڵەتی گەستن تۆمار دەكرێت، زۆرینەی ئەوانەشی سەگ دەیانگرێت منداڵ و ژن و پیرن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل