له چه‌مچه‌ماڵی سه‌ربه پارێزگای سلێمانی، منداڵێكی تازه له دایكبوو، له نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوونی شاره‌كه گیان له ده‌ست ده‌دات و پزیشكه‌كان رێكاری یاسایی بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌یده‌نه‌وه به كه‌سوكاره‌كه‌ی، به‌ڵام له كاتی بردنی بۆ گۆڕستان، زیندوو ده‌بێته‌وه، دوای چه‌ند سه‌عاتێك جارێكی تر گیان له ده‌ست ده‌داته‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 29ی كانوونی دووه‌م، حاجی ئازاد خاڵی منداڵه‌كه به ''وشه''ی راگه‌یاند، دوێنێ شه‌موو سه‌عات حه‌وتی ئێواره له نه‌خۆشخانه‌ی له دایكبوون له چه‌مچه‌ماڵ، خوشكێكی منداڵی بووه و هه‌مووان چاوه‌ڕێ بوون منداڵه تازه له دایكبووه‌كه كه كچ بووه، بگه‌ڕێته‌وه ناویان، به‌ڵام له‌پڕ ته‌له‌فۆنیان بۆ كردن گوتیان منداڵه‌كه گیانی له ده‌ست داوه.
گوتیان منداڵه‌كه بێنن بیخه‌نه گۆڕ، كه سه‌یرم كرد بینیم زیندووه
ئه‌و ده‌ڵێت، ''رۆیشتین منداڵه‌كه بهێنینه‌وه، سه‌عات حه‌وتی ئێواره بوو، پزیشكه‌كان زۆر به ده‌ممانه‌وه بوون و رێكاری یاسایی خۆیان كرد و منداڵه‌كه‌یان پێ داینه‌وه کە ناوی عائیشەی لێ نرابوو. دواتر به‌ڕێمان كرد بۆ سه‌ر قه‌بران و گۆڕ ئاماده كرا بووه سه‌عات هه‌شتی شه‌و، له ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی من دانرابوو، كاتێك گوتیان منداڵه‌كه بێنن بیخه‌نه گۆڕ، كه سه‌یرم كرد بینیم زیندووه، خه‌ڵكه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه، به‌ڵام بڕوایان به من نه‌كرد، هه‌رچۆن بوو بردمانه‌وه بۆ فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ له‌وێ پزیشكه‌كان خستیانه ژێر ئۆكسجین و ده‌ركه‌وت منداڵه‌كه زیندووه.''
وه‌ك زیاتر خستیه روو، منداڵه‌كه تا سه‌عات سێی شه‌و له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ زیندوو مایه‌وه، له‌وێ گوتیان ده‌بێت ره‌وانه‌ی سلێمانی بكرێت، به ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن منداڵه‌كه‌یان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سلێمانی كرد و تا سه‌عات هه‌شتی به‌یانی به زیندوویی مایه‌وه، به‌ڵام سه‌عات هه‌شت باوكی پێوه‌ندی كرد و گوتی منداڵه‌كه گیانی له ده‌ست دا.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی