"هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی ستراتیجیەتی ئەمەریكایە لە عێراق"

:: PM:05:48:29/01/2023 ‌

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو دوو جار نێردەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، بەپێی راپۆرتەكان ئەمەریكا سوورە لەسەر سنووردانان بۆ تەنگژەی سیاسی لە هەرێم و لێكنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، هاوكات قبووڵی ئاڵۆزبوونی دۆخی هەرێم ناكات، چونكە بە هەڕەشەی بۆ سەر بەرژوەوەندییەكانی دەزانێت، بە كورتی واشنتن هەرێم بە بەردی بناغەی ستراتیجیەتەكانی لە عێراق دادەنێت.

دوێنێ شەموو لە سلێمانی هەردوو شاندی‌ پارتی‌ دیموكراتی كوردستان و یەكێتی‌ نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی‌ كۆ بوونەوە، دووپاتیان لەوە كردەوە كە لە داهاتووێكی‌ نزیك كۆبوونەوەی‌ تر دەكەن، لە دوای كۆبوونەوەكە باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق و هەردوو كونسولگەی ئەمەریكا و بەریتانیا لە هەولێر پێشوازیان لەو هەنگاوە كرد و بە سوودبەخشیان بۆ خەڵكی هەرێم لەقەڵەم دا.

هەر دوێنێ دڵشاد شەعبان، ئەندامێكی پارتی لەبارەی مەبەستی كۆبوونەوەكە گوتی، كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزب بوو، كە كۆبوونەوەی تری لەسەر ئاستی سەركردەكان بەدوادا دێ، مەبەستی سەرەكیی كۆبوونەوەكە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی و لێدوانی میدیاكان و یەكخستنی هەوڵی هێزە كوردییەكانە لە بەغدا، بەتایبەتی لە دۆسییەكانی بودجە و مافەكانی گەلی كوردستان.

26ی ئەم مانگە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی پێوەندییەكی تەلەفۆنیی لە برێت مەكگۆرك، نێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا پێ گەیشت، مەكگۆرك تیشكی خستە سەردانی دوایی بۆ بەغدا و هەولێر، باسی گفتوگۆكانی سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و پرسەكانی تر كرد، دووپاتی لە گرنگی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان و باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كردەو، هەر لەو پێوەندیەدا دووپات لەسەر گرنگی نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم گەشەپێدانی كەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان لە هەرێمی كوردستانكرایەوە.

دوێنێ شەموو جارێكی تر برێت مەكگۆرك، نێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لە دووەم سەردانی بۆ هەرێم لە ماوەی دوو هەفتەدا كە لە 18ی ئەم مانگە سەردانی بەغدا و هەولێری كردبوو، دوێنێش هاوكات لەگەڵ سازكردنی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی گەیشتە ئەو شارە، وەك ئاماژەیەك بۆ قووڵیی گرنگیدان و سەرقاڵی ئەمەریكا بە تەنگژەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، كە ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامە.

ئەو سەردانەی مەكگۆرك لەو كاتەیەی پێشتریش ئەمەریكا هێزە سیاسییەكانی كوردستانی لە ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە وریا كردبووەوە، لە ئەگەری چوونی بە ئاراستەی دوو ئیدارەیی، وەك یەكێتی هەڕەشەی لەبارەوە دەكات، سەردانی ئەوجارەی مەكگۆرك بۆ سلێمانی هاوكات بوو لەگەڵ كۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەكێتی، ئەو چاوی بە ژمارەیەك بەپرسانی باڵا كەوت، پێشتریش لە 18ی ئەم مانگە لە كاتی سەردانی بۆ بەغدا و هەرێم، چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەرێم كەوتبوو.

چاودێران پێیان وایە كە سەردانەكەی مەكگۆرك بۆ چاودێریكردنی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەیە كە لە سەردانی پێَشووی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامی دابوو، بەتایبەتی بۆ نەهێشتنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە سیاسییەی هەیە و پێویستی گەیشتن بە چارەسەرییەكی قبووڵكراو، بەتایبەتیش لە سایەی ئەو مەترسیانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە.

چاودێران پێیان وایە كە واشنتن سوورە لەسەر دانانی سنوورێك بۆ تەنگژەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و قبووڵی بەردەوامبوونی ئەو ئاڵۆزییەی هەیە ناكات، چونكە هەڕەشەیەكی ناراستەوخۆ لە بەرژەوەییەكانی دەكەن، كاتێك ئەمەریكا هەرێمی كوردستان بە بەردی بناغەی ستراتیجیەتەكەی لە عێراق دادەنێت، بۆیە سەركێشیی دەستبەرداربوون و لەدەستدانی، یان جێهێشتنی بۆ كەوتنە ناو گێژاوی ناكۆكیی هێزە سیاسییەكانی ناكات. 

ئێستە كورد هیوایان وایە گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر دوو حزبە سەرەكیییەكە بۆ رێككەوتن سەركەوتن بەدەست بێنێت، كە لەو ساتەدا هەرێم رووبەڕووی دۆخێكی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا بووەتەوە، بەوەی حكوومەتی نوێ لە بەڵێنەكانی بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێم پاشگەز بووەتەوە، باشترین نموونەش بڕیارەكەی 25ی ئەم مانگەی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقە بە بڕینی هاتنی هەر بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەلینا رۆمانسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق پێشوازی لەو هەنگاوە كرد و بە سوودبەخشی بۆ خەڵكی هەرێم دانا، ئەو لە تویتێكدا نووسیبووی، پێشوازی لەو هەنگاوانە دەكەین كە هاوبەشانمان لە هەرێمی كوردستانی عێراق نایان، بە باشكردنی پێوەندی ناوخۆییان، كە بۆ خەڵكەكانیان سوودی دەبێت، ئەوان لە رێگەی كاركردن بەیەكەوە دەتوانن عێراق و كوردستان و ناوچەیەكی ئارامتر بنیات بنێن، دووپاتی كردەوە، ناوماڵی یەكگرتوو هەمیشە بەرەو گەشەسەندنمان دەبات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل