نامەیەك بەناوی بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی بڵاو دەبێتەوە..قبووڵكردنمان تا ئێرە بوو

:: PM:06:37:29/01/2023 ‌
نامەیەك بەناوی بەشێك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاو دەبێتەوە و كۆپییەكی بۆ "وشە" نێردراوە تیایدا هاتوو، قبووڵكردنمان بۆ ئەو دۆخە سەپێنراوە لەپێناو خوێنی شەھیدەكانمان و مێژووە پرشنگدارەكەی یەكێتی تا ئێرە بوو.

هەر چەندە تا ئێستە هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی تا ئێستە نامەكەی پشتڕاستنەكردووەتەوە، بەڵام لەناوەڕۆكی نامەكەدا هاتووە، "ئێمە ھەندێك لە ئەندامانی سەركردایەتی كە دەمانەوێت تەنیا بەناوی خۆمانەوە ھەڵوێست لەسەر دۆخی چەقبەستووی حزبەكەمان و ئەو بارە نا ھەموارەی سەركردەكانی تێ خراوە دەرببڕین و دەڵێین ماوەی نزیكەی ساڵێكە ددانمان بەخۆماندا گرتووە و نەمانویستووە حەز و ویستی كەسیمان پێش دۆخ و بەرژەوەندەكانی حزبەكەمان بخەین" .

تا بێت خراپ و خراپ تر دەبێت
هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە هەر ڕۆژە و بەهۆی نەزانین لە ئیدارەدان و دیكتاتۆریەت و نادیدە گرتنی ڕاو ڕای جیاواز و گوێ نەدان بەدۆخی شلەژاوی ناوچەكە و دەروونە شەكەتەكەی ئەندامان و دلسۆزانی ئەم حزبە دۆخەكە تا بێت خراپ و خراپ تر دەبێت.

دووپات لەوە دەكەنەوە كە قبووڵكردنمان بۆ ئەو دۆخە سەپێنراوە لەپێناو خوێنی شەھیدەكانمان و مێژووە پرشنگدارەكەی یەكێتی تا ئێرە بوو، چاوەڕێی یەكلا بوونەوەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكەین.

"وشە" پێوەندی بە ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد، بەڵام ئامادەنەبوو نامەیەكی لەمشێوەیە پشتڕاست بكەنەوە، بەڵام ئەو سەرچاوەی بۆ "وشە"ی ناردووە ئاگەداری تەواوی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی و لە بڕیاری سەركردایەتییەوە نزیكە. 





وشە - وشه‌