پێویستی بە چارەسەری هەیە.. ژینگەی دەربەندیخان بەتەواوی پیس بووە

:: PM:07:37:29/01/2023 ‌

بەپێی ئامارەكان لە كۆی 75 كارمەندی هاتوچۆی دەربەندیخان، سیانیان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە كە دووانیان ئەركیان لەبەردەم تونێلی دەربەندیخان بووە، بۆیە ئەگەرێك هەیە بەهۆی دوكەڵی تونێلەكەوە كاریگەری خراپ كرابێتە سەر تەندروستیان و تووشی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە بووبن.

بەرپرسانی ئیداری شارۆكەكە رای دەگەیەنن كە هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت كە تووشبوونی ئەو سێ كارمەندە بەهۆی پیشەكەیانەوە بووە، هاوكات بە هەموو جۆرێك هاوكاری و ئاسانكاری بۆ ئەو كارمەندانە كراوە كە تووشبووی ئەو نەخۆشیەن، نووسراویشیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی بەهەر شێوەك هاوكار و پشتیوانیان بن.

لەوبارەوە جاسم محەمەد عەلی خان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی پێنج مانگە وەك بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان دەستبەكار بووم، كاتێك پێیان راگەیاندم كە سێ كارمەندمان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونە، دووانیان شوێنی دەوامكردنیان لە تونێلی دەربەندیخان بووە، كە رۆژانە دوكەڵێكی زۆری ئۆتۆمبێل بەسەریاندا دەچێت.
بەهۆی پیسبوونی ژینەگەوە خەڵكێَكی زۆر دووچاری هەناسەتەنگی و هەستیاری پێست و شێرپەنجە بوونەتەوە
باسی لەوەش كرد، بەپێی زانستی پزیشكی ناتوانرێت بسەلمێنرێت كە ئەوان بەهۆی كارەكەیانەوە تووش بوونە، بەڵام لای خۆمانەوە هەموو هەوڵێكمان بۆ داون كە هاوكاری بكرێن، نووسراومان بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرزكردونەتەوە بۆ ئەوەی ئاسانكاری و هاوكاری بكرێن، ئێستە كارمەندەكان چارەسەری وەردەگرن و دووانیان تووشی شێرپەنجەی خوێن بوونە و یەكێكیشیان شێرپەنجەی میزەڵدان.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان ئاماژەی كرد، دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی هاتوچۆ وەك كارمەندەكانی تری وەزارەتی ناوخۆیە لە بەرگری شارستانی و پۆلیس، هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی دەرماڵەی مەترسی كارمەندانی هاتوچۆ جیاواز بێت، چونكە لە راستیدا ئەوانی تریش بەشی خۆیان لەكاتی كاركردنیان رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

لەبارەی هەمان پرسەوە سلێمان سەعید قایمقامی دەربەندیخان بە "وشە"ی گوت، تا ئێستە هۆكاری سەرەكی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە نەدۆزراوەتەوە، رۆژانە گەر بچیتە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە، دەبینی تووشبووانی لە سەرجەم چین و توێژەكان تێدایە، بۆیە ئەوە لە دەسەڵاتی كەسدا نییە و بڕیاری خودایە.

ئاماژەی بەوە كرد، دەربەندیخان شارۆكەیەكە ژینگە و كەشوهەوا و دۆخەكەی  جیاوازە و ئەم حاڵەتەی تیادا زۆر بووە، لەبەر ئەوەی هۆكارەكانی تووشبوون بەم نەخۆشییە زۆرن، هاوكات ئێمە لای خۆمانەوە هەموو هەوڵێك دەدەین كە هاوكاری ئەو كارمەندە تووشبووانە بكرێت، چ لەكاتی دەوام و چ بۆ چارەسەری و كاروباریان لە نەخۆشخانە.


پێوەست بەو پرسە محەمەد عەبدوڵا، شارەزای ژینگە و كەشوهەوا بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، شارۆكەی دەربەندیخان سروشتێكی جیاوازی هەیە و خاوەن دوو بەنداوە، ناو گەڕەكەكانیش چەندان كارگەی هاڕینی بەردی هەیە، كە كەشوهەوا پیس دەكەن و ئاوی خواردنەوەشی بەكەڵك نایەت بۆ بەكارهێنان، بێگومان ئەوەش وا دەكات كە نەخۆشییە جۆراوجۆرەكان بڵاو ببێتەوە.

زیاتر دەڵێ، هەموو كاریگەرییە ژینگەییەكانی دەربەندیخان وایان كردووە كە بەگشتی كاریگەری خراپ و مەترسیدار لەسەر دانیشتووان و خەڵكەكەی جێبێڵێت، هاوكات لە ماوەكانی رابردوودا  بەهۆی كەشوهەوا و ژینەگەكەیەوە خەڵكانێكی زۆر دووچاری نەخۆشییەكانی تەنگەنەفەسی و رەبۆ و هەستیاری پێست، تا دەگاتە شێرپەنجە بووبوونەوە، ئێستەش ئەم رێژەیە لە هەڵكشانە و پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بەوەی كە پاڵاوگە بۆ پاككردنەوەی ئاو بۆ خواردنەوە دابنرێت و لابردنی ئەو كارگانەی كە ژینگەی ناو شارۆكەكە پیس دەكەن، جیا لە زیادكردنی رێژەی سەوازیی.

شایەنی باسە شارۆكەی دەربەندیخان دەكەوێتە دووری 66 كلیۆمەتر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 70 هەزار كەسە، ژینگە و كەشوهەوایەكی جیاواز و دڵگیری هەیە، دوو بەنداوی لە نزیكە و چەندان شوێنی گەشتیاری لەو دەڤەرەدا هەیە.

دەربەندیخان/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل