"شەفافیەتەكەی یەكێتی تەنیا ژمارەیە و سوودی بۆ سلێمانی و خەڵك نەبووە"

:: PM:09:35:29/01/2023 ‌

لەكاتێكدا وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە لە سلێمانی داهاتێكی كەم هەیە و بە تەواوی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت، كەچی "سایتی شەفافیەت"، كە پڕۆژەیەكی قوباد تاڵەبانییە، هەموو رۆژێك داهاتی سنوورەكە ئاشكرا دەكات، بۆیە دوای قسەی ئەو وەزیرە دەردەكەوێت كە ئەو داهاتەی دێتە راگەیاندن، تەنیا ژمارەیە و هیچ سوودێكی بۆ خەڵك و سنوورەكە نییە و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

رۆژی رابردوو ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كردبوو كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی كەمیی لە داهات هەیە، ئەوەش لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان رەنگی داوەتەوە، پێشتریش ئەو باسی لەوە كردبوو كە لە بانكەكانی سلێمانی دەستكاری داهاتی سنوورەكە دەكرێت، چەند بەرپرسێك لە رێگەی بانكەكانەوە دەستوەردان لە داهات دەكەن.

لەوبارەوە بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی  بە "وشە"ی راگەیاند، لە بارەی پرسی داهات و گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی بۆ خەزێنەی حكوومەت هیچ دەسەڵاتێكمان نییە، ئێمە دەسەڵاتەكانمان دیاری كراوە و پێشتریش داوای ئەوەمان كردووە، بەڵام پێمان نەدراوە و وەڵام نەدراوینەتەوە، بۆیە پرسی داهات لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و پەرلەمان دەتوانێت ئەو كارە بكات و دەسەڵاتی هەیە.

پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی چەندانجار داوای ئاشكراكردنی داهاتی تەواوی سنووری سلێمانی لەگەڵ خەرجییەكانی پارێزگاكەی كردبوو، بەڵام وەڵام نەدراوەتەوە، ئەو داهاتەشی كە لە "سایتی شەفافیەت"، باس دەكرێت، تەنیا ژمارەیەكە و وەزیری دارایی دەڵێت بە تەواوی ناگەڕێتەوە سەر خەزێنەی حكوومەت، ئەوەش كاریگەری لەسەر پڕۆژە و خزمەتگوزاری سنوورەكە كردووە و ناتوانرێت وەك پێویست خزمەتی خەڵكەكە بكرێت.

لای خۆیەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەگوێرەی قسەكانی بەرپرسانی یەكێتی، شەو هەبووە 11 ملیۆن دۆلار لە داهاتی سلێمانی چووەتە سەر حیسابی ئەو حزبە لەو پارەی لە گومرگەكانەوە بەدەست هاتووە، كە هەمووی هی هاووڵاتییانە و دەبێت بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، كە ئەمەش گەورەترین گەندەڵی و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە سلێمانی چی بە داهات دەكرێت و چۆن بۆ بەرژەوەندی چەند كەسێك دەبێت، بەبێ ئەوەی خزمەت بە سنوورەكە بكات.

باسی لەوەش كرد، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێم، خۆ پارتی نییە تا بڵێن راست نییە یان خەڵك چەواشە دەكات، بەئاشكرا باس لەوە دەكات كە پارەی سلێمانی بە تەواوی ناگەڕێتەوە سەر خەزێنەی گشتی حكوومەت، بۆیە روون و ئاشكرایە كە شەفافیەت لە داهاتی سلێمانیدا نییە و بانكەكان و نەبوونی پارە و نەدانی مووچەی خەڵك و خۆپێشاندان، شـایەتی ئەو راستییەن كە شەفافیەت لە داهاتی ئەو پارێزگایە نییە و ئەوەی راگەیەندرا تەنیا خۆڵكردنە چاوی خەڵكە.

پێوەست بەو بابەتەوە ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، پێویستە هەرچی زووە كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، پارتی و یەكێتی كۆ ببنەوە و ئەوەی گرفتە چارەسەری بكەن، چونكە خەڵك خزمەتی دەوێت، دیارە پرسی شەفافیەت لە داهاتی سلێمانی كێشەی دروست كردووە و تەنیا لە چوارچێوەی ژمارەیە.

دووپاتی كردەوە، دەبێت هەموو داهاتەكان بۆ سەر خەزێنەی حكوومەت بگەڕێنەوە، لەوێشەوە حكوومەت جارێكی تر بەسەر شارەكان دابەشی دەكاتەوە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ دەكرێت و خەڵك سودمەند دەبن لێی.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل