گەندەڵی و هەڵاوسان عێراقییەكان دەخنكێنن

:: PM:10:58:29/01/2023 ‌

عێراق وڵاتی تەنگژەكانە، لە هەموو رووێكەوە هەر تەنگژەی هەیە، مەترسیدارترینیان ئەو گەندەڵیەیە كە هەموو جومگەكانی وڵاتەكەی گرتووەتەوە و هەر حكوومەتێك دێت خۆی رادەست دەكات و دەبێتە بەشێك لەو گەندەڵییەی هەیە، شارەزایەكی ئابووری دەڵێت زیاتر لە 10%ی داهاتی عێراق ناچێتە گەنجینەی دەوڵەت و بەهەدەر دەدرێت، شارەزایەكی تریش وریایی لە هەڵكشانی رێژەی هەڵاوسان دەدات.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەموو حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق دیدێكی دروستی ئابوورییان نەبووە و ئەو ناسەقامگیرییە ئابوورییەی هەیە بەهۆی پشتبەستنە تەنیا بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، كە وای كردووە رۆژانە بازاڕی عێراق تووشی شڵەژان ببێت.

روونی كردەوە، ئەو چارەسەریانەی ئێستە بۆ هەڵكشانی نرخی دۆلار هەیە كاتییە و پێشبینی دەكرێت لە داهاتوو هەمان كێشە رووبداتەوە، بۆیە پشێوییەك لە كەرتی بانكیدا هەیە، ئەوەش بەهۆی بوونی زیاتر لە 70 بانكی تایبەت، لەوكاتەی 10%ی داهاتی دارایی بەهۆی گەندەڵییەوە ناچێتە ناو گەنجینەی دەوڵەت، ئاشكرای كرد كە هەموو حكوومەتەكانی دوای یەك دیدێكی دروستی ئابووریان نەبووە و رۆڵی پەرلەمانیش تەنیا چاودێرییە و نابێت دەست لە كارەكانی بانكی ناوەندی وەربدات.

لای خۆیەوە زیا موحسین، ئاماژە بۆ زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان دەكات، كە وای كردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و كرێ و بژێوییەوە هاووڵاتییان بكەونە سەختییەوە، روونی كردەوە، ئەوەش بەهۆی كەمبوونەوەی توانای كڕینی هاووڵاتییان و كەمبوونەوەی بەهای دینار و پارەی هەڵگیراوی خەڵك و هەڵكشانی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار و كێشەی تەناهیش، ئەوانە وایان كردووە رێژەی هەڵاوسان روو لە هەڵكشان بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل