كاروانێك چەكی ئێرانی لە ناو سنوورەكانی سووریا بۆردمان كرا

:: PM:11:54:29/01/2023 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم كاروانێك ئۆتۆمبێلی بارەبەری بەراد، كە لە عێراقەوە چوونەتە ناو سنوورەكانی سووریا، دووچاری بۆردمانی درۆنەكان هاتنەوە، بەپێی هەندێك سەرچاوە ژمارەیان 25 بارەبەر بووە و لە ئێرانەوە چەكیان بۆ سووریا گواستووەتەوە. 

وەك هەندێك سەرچاوە باسیان كردووە، بۆردمانەكە لەلایەن درۆنی نەناسراوەوە كراوە، كە سەرەتا مووشەكیان بۆ ئاگەداركردنەوە هاوێشتووە، دوای هەڵاتنی سەرنشینەكان ئۆتۆمبێلەكانیان بۆردمان كردووە، بەپێی زانیارییەكان بۆردمانەكە لە گۆڕەپانی ئوستوورە لە گوندی هری لە نزیك شارۆكەی ئەلبوكەمال لەسەر سنوورەكانی سووریا- عێراق كراوە.

لای خۆیەوە روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە كرد كە درۆنی نەناسراو ژمارەیەك بارەبەری بەرادیان لە گوندی هری لە دەشتی ئەلبوكەمال لە رۆژهەڵاتی دێرزوور كردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە بارەبەرەكان تێكشكێنران و سەرنشینەكانیان كوژران و بریندار بوون.

روانگەكە ئاماژەی كرد كە شەش بارەبەر لە عێراقەوە هاتبوونە ناو سنوورەكانی سووریا لە ناوچەی قائیم- ئەلبوكەمال، لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە كراونەتە ئامانج و دەنگی ئەمبولانس بیستراوە.

بەپێی روانگەكە لە 27ی ئەم مانگە ژمارەیەك بارەبەری بەرادی سەر بە حزبوڵای لە عێراقەوە هاتوونەتە ناو خاكی سووریا، دوای بەتاڵكردنی بارەكەیان كە بریتی بووە لە مووشەك، گەڕاونەتەوە ناو خاكی عێراق.

لە 26ی ئەم مانگەش ژمارەیەك بارەبەری بەراد چەكیان بەرەو چوارگۆشەی تەناهی لە شارۆكەی مەیادین لە دێرزوور گواستووەتەوە، لە 24ی ئەم مانگەش چەكیان بۆ جبەخانەكانی میلیشیای فاتمیوون لەو ناوچەیە گواستووەتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل