تەرمی قوتابییەك لە توالێت دۆزرایەوە

:: PM:09:04:30/01/2023 ‌

كێشەكانی عێراق تەنیا لەسەر ئاستی دەوڵەت و حكوومەت و دامەزراوە و سیاسی و ئابووری و تەناهی نییە، بەڵكو رێژەی تاوان و توندوتیژی، بەتایبەتی بەرانبەر چینە لاوازەكانی كۆمەڵكە لەهەڵكشانە، لە پارێزگای واست تەرمی قوتابییەك لە توالێتی قوتابخانەكەی بە كوژراوی دەدۆزرێتەوە.

سەرچاوەیەكی ناوخۆیی لەو پارێزگایە ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ دووشەم تەرمی قوتابییەك لە توالێتی قوتابخانەیەكی شاری كوت، سەنتەری پارێزگەی واست بە كوژراوی دۆزراوەتەوە، كە لە كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانەوە ون بووبوو.

بەپێی سەرچاوەكە تەرمی ئەو قوتابییە(ئەحمەد حوسێن)، كە لە قوتابخانەی رەفعەی سەرەتایی لە ناوچەی حەی جیهاد لە شاری كوت دۆزرایەوە، رەوانەی فەرمانگەی داد كراوە بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە یاساییەكان.

سەرچاوەیەكی تری تەناهی رای گەیاند كە ئەمڕۆ دووشەم هێزێكی پۆلیسی فیدراڵ لە ناوچەی غەزالییە لە رۆژئاوای بەغدا توانیویەتی كچێك رزگار بكات، ئەوەش لەدوای 15 رۆژ لە رفاندنی، خۆی و رفێنەرانیش رادەستی بنكەی پۆلیسی ناوچەكە كراونەتەوە.

لە بەری رەسافەی بەغدا، تیمەكانی بەرگری میلی ئەمڕۆ دووشەم تەرمی پیاوێكیان لە پڕۆژەی ئاوی كەناڵی جەیش دەرهێناوە و بەرەو فەرمانگەی پزیشكی داد گوازراوەتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل