شاندی عێراق كەی دەچێتە ئەمەریكا و بۆچی دەچێت؟

:: PM:06:00:01/02/2023 ‌

دۆخی عێراق لە تەنگژەوە بۆ تەنگژەی زیاتر دەچێت، لە دوو مانگی دوایی 2023ێوە تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار هاتە كایەوە، كە بەهۆی لێكەوتەكانییەوە تا ئێستە خەڵكی ئەو وڵاتە بەدەست نەهامەتی زیاتر و دۆخێكی خراپتری بژێوییەوە دەناڵێنن، جیا لەوەی كاری كردووەتە سەر كەمبوونەوەی توانای كڕینی ئەو مووچە و پارەیەیەی دەستیان دەكەوێت، مامەڵەی بازاڕیشی نەهێشتووە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بڕیارە لە 9ی ئەم مانگە شاندێكی عێراق سەردانی ئەمەریكا بكات.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە بە "وشە"ی گوت، لە عێراق هەندێك لایەنی سیاسی هەن وەلائیان بۆ دەرەوەیە، واتە بۆ هەندێك وڵاتی دراوسێ، ئەوە وای كردووە كە حەز بەوە نەكەن عێراق رێنوێنییەكانی سیستمی سوێفت جێبەجێ بكات، جیا لەوە گەندەڵی سیاسی و حوكمرانی عێراقی دەزانێت جێبەجێكردنی ئەو سیستمە واتە نانبڕینی ئەوان، واتە پارەیان بۆ نایەت و بابەتێكیش نییە قوربانی لەپێناو بدەن، واتە لەپێناو وڵاتەكەیان قوربانی بە بەرژەوەندی خۆیان بدەن.
ئەم بەهارە لە شەڕی ئۆكراینا یەكلاكەرەوەیە و ئێرانیش چووتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە گوشارێك لەسەر ئابووریی ئێران هەیە
زیاتر گوتی، ئەوەی روو دەدات ململانێی ویست و ئیرادەیە، ئیرادەیەك هەیە حەز ناكات ئەو پڕۆژەیە سەربگرێت، واتە چوون بۆ ناو سیستمی سویفت، چونكە بەرژەوەندی ئەو تێك دەچێت، كاتێك پڕۆژە و بەرژەوەندی ئەو لە ناوچەكە بەڕێوە ناچێت، هاوكات ئیرادەیەكی تر هەیە حەز بەوە دەكات ئەو سیستمە بەڕێوە بچێت، چونكە حەزی بەوەیە ئەو پشێویییە كۆتایی بێت و پارە بۆ نەیارەكانی نەچێت، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت ململانێی نێوان هەردوو ئیرادەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران و ئەمەریكا.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشكرای كرد كە بڕیارە لە 9ی ئەم مانگە شاندێكی باڵای عێراق سەردانی ئەمەریكا بكات، لەوانە پارێزگاری بانكی ناوەندی و وەزیری دەرەوە و ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەجیندای كاری ئەو شاندە دیار نییە، بەڵام پێشبینی دەكرێت عێراق هەوڵی ئەوە بدات جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی سیستمی سویفت بۆ سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ دوا بخرێت، لە بەرانبەردا ئەوان رەنگە داوای پابەندبوونی زیاتر لە عێراق بكەن، چونكە لای ئەوان ئەم بەهارە لە شەڕی ئۆكراینا یەكلاكەرەوەیە و ئێرانیش چووتە ناو شەڕەكەوە، بۆیە گوشارێك لەسەر ئابووریی ئێران هەیە، ئەوە قەناعەتی خۆمە و وا سەیری بابەتەكە دەكەم.

چاودێران باسی ئەوە دەكەن كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە تا ئێستە سەردانی چەندان وڵاتی كردووە، لەوانە ئێران، پێویستە سەردانی ئەمەریكاش بكات، بەڵام رەنگە ئەو بە داواكارییەكانی ئەمەریكا بزانێت، بەتایبەتی لەوانەی دژی ئێرانن، ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە رەنگە بابەتی دۆلار كاری ئەو نەبێت و پێوەست بێت بە بانكی ناوەندی عێراقەوە، ئەو شاندەشی دەچێتە ئەمەریكا ناچێت لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا دابنیشێت، بەڵكو لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمەریكا دادەنیشن، ئەگەرچی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆك وەزیران لەو سەردانە بەشدارە.

زۆرێك باسی ئەوە دەكەن كە سێ هۆكار هەن بۆ دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، ئەوانیش نرخی خەمڵاندنی نەوت و دۆلار و پشكی هەرێمی كوردستانە، كە هەرسێك بابەت كێشەیان لەسەر هەیە، ئێستە نرخی نەوت بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە بەرز و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت، نرخی دۆلاریش بەرانبەر بە دیناری عێراقی لە هەڵكشان و داكشانە، هەرچی پشكی كوردە لە بودجەكە، بەهۆی بڕیارەكەی دوایی دادگەی فیدراڵی عێراق سەردانی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا وەستاوە و دانوستانەكان كێشەیان تێ كەوتووە، كورد شیعە بەوە تۆمەتبار دەكات كە لە بەڵێنەكانی پاشگەز بووەتەوە، كە لەسەر بنەمایان حكوومەتی نوێی عێراق پێك هاتووە.

"بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێم رەنگە كێشەیەك بێت، بەڵام دواكەوتنی پەسندكردنی بودجەی نوێی عێراق هیچ جارێك لەسەر هەرێم نەوەستاوە، واتە چەند مانگێك لەسەر هەرێم دواخرابێت، بۆیە بابەتەكە هەرێم نییە و پێوەستە بە ململانێی ناوخۆیی لەبارەی پارە و دەسەڵات و رازیكردنی خەڵك و زۆر شتی كە وای كردووە بودجەكە دوا بكەوێت"، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یەكێكە لە هۆكارەكانی دواكەوتنی بودجە، ئەوكاتەی نرخی نەوت بە 95 دۆلار بوو، بەنیاز بوون نرخی نەوت لە بودجە بە 75 دۆلار و بەسەرەوە بخەمڵێنن، بەڵام نرخەكەی بۆ كەمتر لە 75 دۆلار بۆ بەرمیلێك هاتە خوارەوە، ئەوان بە 60 دۆلار خەمڵاندیان، دواتر كردیانە 65 دۆلار و رەنگە ئێستە بكرێتە 69 دۆلار.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل