عێراق..لە ماوەی حەوت ساڵدا خۆکوژیی بە رێژەی 185% زیادی کردووە

:: PM:03:45:03/02/2023 ‌
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ یەکەم جار ئامارێکی بڵاو کردەوە کە دەری دەخات دیاردەی خۆیکوژیی لە عێراق بە خێرایی رووی لە زیادبوونە و بەراورد بە ساڵی 2015 بەرێژەی 185% زیادی کردووە. پسپۆڕانی کۆمەڵاتیش هۆکارەکە بۆ سێ لایەنی، دەروونی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگێڕنەوە.

خالید مەحنا گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی دا بۆ یەکەم جار ئاماری خۆکوژیی ساڵانی 2015 تا 2022 بڵاو دەکەنەوە. بە پێی ئامارەکە جگە لە ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015دا لە عێراق 376 کەس خۆیان کوشتووە، لە ساڵی 2016دا 343 کەس لە ساڵی 2017دا 449 کەس و لە ساڵی 2018دا 519 کەس خۆیان کوشتووە.

ساڵی رابردوو لە عێراقدا هەزار و 73 کەس خۆیان کوشتووە


ئامارەکەلە ساڵی 2019دا گەیشتووەتە 588 کەس و  لە ساڵی 2020دا بریتییە لە 644 کەس، ساڵی 2021 بۆ 863 کەس هەڵکشاوە و ساڵی رابردووش هەزاری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە هەزار و 73 کەس.

بەگوتەی مەحنا هۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە لایەک و دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری و توندوتیژی خێزانیی لە لایەکی تر دەگەڕێتەوە، هاوکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی پێوەندیدار بەو تۆڕانەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوژیی هەبووە.

70% لەوانەی خۆیان کوشتووە کێشەی خەمۆکییان هەبوو


بەگوێرەی شەفەقنا، دکتۆر بەتوول عەیشی پسپۆڕی دەروونزانی سەرووی 70% لەوانەی خۆیان کوشتووە کێشەی خەمۆکییان هەبووە و 15%ی تریان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و 5%ی تریش بەهۆی نەخۆشی دەروونی هانایان بۆ ئەو کارە بردووە و 10%ەکەی تریش هیچ کێشەیەکی عەقڵییان نەبووە و بە ویستی خۆیان ئەو کارەیان هەڵبژاردووە.

پێویستە بگوترێ هەرچەندە دیاردەی خۆکوژی دیاردەیەکی جیهانییە بەڵام بە گوێرەی کۆمەڵگەکان دەگۆڕدرێت و هەرێمی کوردستانیش بێبەری نییە لەو ئامارە و ساڵانە دەیان کەس هانا بۆ خۆکوشتن دەبەن


وشە - سلێمان تاشان