بەغدا، نەجەف و كەربەلا... خۆپێشاندان دژی بەرزبوونەوەی دۆلار دەستی پێ كرد

:: PM:05:03:03/02/2023 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی شوبات، دەیان هاووڵاتی لە پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا و سەدانی تریش لە بەغدا خۆپێشانێكیان ئەنجام دا لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرێژەیەكی زۆر بەرانبەر دیناری عێراقی. 

خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی چەندان دروشم لە كەربەلا لە پردی "زەریبە" بەرەو نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو پارێزگایە دەڕۆن. 

بەپێی سەچاوە هەواڵییەكانی میدیا عێراقییەكان داواكارییەكانی خۆپێشاندەران بریتییە لە ئەنجامدانی دانیشتنێكی پەلەی پەرلەمان بۆ چارەسەری تەنگژەی دۆلار.

لەلایەكی ترەوە پێگەی "سۆمەرییە نیوز"ی عێراقیی بڵاوی كردەوە كە دەیان خۆپێشاندەری تر لە نەجەفەوە بەرەو نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی شارەكە دەڕۆن و هۆشداری ئەوە بە دەسەڵاتداران دەدەن كە "لە برسیەتی گەل بترسن"

لە نۆڤێمبەری ساڵی رابردووە نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە شێوەیەك نرخی 100 دۆلار تا 177 هەزار دیناری بەخۆیەوە بینی دوێنێ، لە كاتێكدا ئەمۆ نرخەكان كەمێك دابەزیینیان بەخۆیەوە بینیوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی لە بازاڕەكان 168 هەزار و 500 دینارە.


وشە - تایبه‌ت