پسپۆڕێكی ئابووری: مانگی داهاتوو عێراق مووچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت

:: PM:06:58:03/02/2023 ‌
شرۆڤەكار و پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە كە عێراق لەبەردەم ئالنگارییەكی تردایە و تووشی كێشە دەبێت لە دابینكردنی ئەو پابەندییانەی مانگانە لەسەریەتی و لە سەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران. 

دۆلار نوێنەرایەتی داهاتی سەرەكی عێراق دەكات بەهۆی ئەوەی داهاتی سەرەكی عێراق نەوتە، لە بەرانبەریشدا وەزارەتی دارایی لەو داهاتەی كە لە فرۆشتنی نەوتدا بە دۆلار دەستی خستووە كۆمەڵێك پابەندی مانگانەی لە ئەستۆیە و پێویستە بە دینار بیاندات. 

وەزارەتی دارایی دۆلارەكانی خۆی دەفرۆشێتە بانكی ناوەندیی عێراقی و پارە لە بانكەكە وەردەگرێت، لەوێشەوە وەزارەتی دارایی بە دیناری عێراقیی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و پابەندییەكانی تری دەوڵەت دابین دەكات. 

لەوێوە دیسان بانكی ناوەندی دۆلارەكەی خۆی كە لە وەزارەتی داراییەوە دەستی خستووە دەفرۆشێتە بازرگان و وەبەرهێن و هاوردەكاران بە شێوەیەكی كاش و دیناری عێراقی دەست دەكەوێتەوە، بەڵام پرسیارەكە لێرە ئەوەیە، ئایا ئەو بڕە دینارەی وەزارەتی دارایی دەستی دەكەوێت بەشی پێداویستییەكانی مانگانەی عێراق و مووچە دەكات؟ 

وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە پێویستی بە نزیكەی هەشت تریلۆن دیناری عێراقیی هەیە بۆ دابینكردنی مووچە و خەرجییەكانی كارپێكردن "تشغیلی" بە واتایەكی تر، رۆژانە پێوویستی بە 260 ملیار دینار هەیە، كە بە نرخی ئێستەی دۆلار نزیكەی 182 ملیۆن دۆلاری رۆژانەیە. 

ئەمە بەو مانایە دێت كە رۆژانە بانكی ناوەندی عێراقیی پێویستی بەوە هەیە كە لانی كەم 182 ملیۆن دۆلار بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە 260 ملیار دینار و مانگانەیش هەشت تریلیۆن دۆلار دەست بخات. 

بەڵام ئەوە بۆ ماوەی سێ مانگ دەچێت فرۆشی رۆژانەی بانكی ناوەندی كەمترە لە 100 ملیۆن دۆلار و ئەمەیش بەو مانایە دێت كە بانكی ناوەندی و لەلایەكی تریشەوە وەزارەتی دارایی ناتوانن 260 ملیار دیناری رۆژانەیان دەست بكەوێت و بەمەیش كێشە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی دەوڵەت و لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران دروست دەبێت. 

لەمبارەیەوە عەبدولرەحمان مەشهەدانی، پسپۆڕ و شرۆڤەكاری ئابووری لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنییدا رای گەیاند، مانگی داهاتوو بانكی ناوەندی دیناری پێ دابین ناكرێت، بە ئاماژەدان بەوەی " دەرهاوێشتەی كێشەكانی سێ مانگی رابردوو لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئەم مانگە بە سووكی دەركەوت، كاتێك لیستی مووچە لە عێراق 29ی مانگی رابردوو راگەیەندرا، لە كاتێكدا مانگەكانی پێشووتر هەموو 16ی مانگێك دەستكراوە بە دابەشكردنی مووچە. 

ئەم پسپۆڕە ئابووریە ئاماژەی بەوەیش كرد "%77ی پارەی عێراق لە دەست خەڵكە و كەسیش ناتوانێت لە دەستیان دەربهێنێت، چونكە خەڵك سیقەی بە سیستمی بانكی نییە لەو وڵاتە، لەلایەكی تریشەوە كەمبوونەوەی فرۆشی بانكی ناوەندی لە دۆلاردا بە مانای كەمبوونەوەی ئەو بڕە دیانارە عێراقییە دێت كە بانكی ناوەندیی هەیەتی، بۆیە بە دڵنیاییەوە تووشی كێشەی دابەشكردنی مووچە دەبینەوە لە مانگی داهاتوودا.


وشە - تایبه‌ت