چین خۆی كردە خاوەنی باڵۆنەكەی ئاسمانی ئەمەریكا و داوای لێبووردنیشی لە ئەمەریكا كرد

:: PM:07:20:03/02/2023 ‌
دوای ئەوەی راگەیەندرا كە تەنێكی نامۆ لە ئاسمانی ئەمەریكا و كەنەدا بینراوە، وەزارەتی دەرەوەی چین رای گەیاند كە باڵۆنەكە "كەشتی ئاسمانی" ئەوانە و بە هەڵە چووەتە بواری ئاسمانی ئەمەریكا و هاوكات داوای لێبووردنی لە ئەمەریكا كرد. 

ئەمڕۆ سێی شوبات، لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی چین هاتووە كە ئەو كەشتییە ئاسمانییەی لە چین دەرچووە و لە رێرەوی خۆی لایداوە و چووەتە بواری ئاسمانی ئەمەریكا بە مەبەستی سیخووڕیكردن بەكار نایەت و لە باڵۆنە مەدەنییەكانە و تایبەتە بە توێژینەوە مەدەنییەكان. 

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەیش هاتووە كە " چین داوای لێبووردن لە ئەمەریكا دەكات لەوەی كەشتییە ئاسمانییەكە چووەتە ئاسمانی ئەوان" هاوكات دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە چین لەگەڵ ئەمەریكا لە پێوەندی بەردەوام دەبن بۆ چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ دۆخە چاوەڕواننەكراوەكان. 

لەلایەكی ترەوە ماو نینگ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن و تا روونبوونەوەی هۆكارەكەی هیچ لێدوانێكی ترمان نابێت چونكە خزمەت بە چارەسەری كێشەكە ناكات بە شێوەیەكی دروست. 

دوێنێ پێنجشەم، وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رای گەیاند كە توانیوانە جوولەی باڵۆنێك  "كەشتییەكی ئاسمانی"ی سیخووڕی كردنی چینی هەست پێ بكەن لە ئاسمانی وڵاتەكەیان كە باڵۆنەكە لەسەر چەند ناوچەیەكی هەستیاریی سەربازی فڕیوە، هاوكات حكوومەتی كەنەدایش رای گەیاند كە ئەم رووداوە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە. 

لەمبارەوەیە جۆبایدنی سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە پنتاگۆن كرد كە باڵۆنەكە بخرێتە خوارەوە، بەڵام دواجار بڕیاردرا كارەكە نەكرێت، بەهۆی ئەو مەترسییانەی كە رەنگە لەگەڵ پاشماوەی كەوتنە خوارەوەی باڵۆنەكە بەسەر خەڵكدا دروست بێت " بەرپرسێكی باڵای بەرگری ئەمەریكا ئەم زانیارییانەی بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرا كردووە بێ ئەوەی ناوەكەی ئاشكرا بكرێت"


وشە - تایبه‌ت