بانكی ناوەندی: لەگەڵ خەزێنەی ئەمەریكا رێككەوتین لەسەر هاوئاهەنگی كردن بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار

:: PM:09:54:03/02/2023 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی شوباتی 2023، لە توركیا كۆبوونەوەیەك لە نێوان شاندی بانكی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئەنجام دراوە و و رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هەردوو لا هاوئاهەنگ بن لە هاریكاری نێوانیان بۆ سەقامگیری ئابووری لە عێراق و چارەسەری تەنگژەی دۆلار. 

لە بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی عێراقدا هاتووە، كۆبوونەوەكە لە توركیا لەنێوان پارێزگاری بانكی ناوەندی و شاندێكی یاوەری لەگەڵ "براین نیلسۆن" جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری ئەنجام دراوە.

بەپێی بەیاننامەكەی بانكی ناوەندی عێراقیی " لە كۆبوونەوەكە باس لەو رێگەچارەسەرییانە كرا كە پێویستە لە نێوان هەردوولا هەبێت و رێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هاوئاهەنگی تەواو لە نێوان هەردووك لا هەبێت لەپێناو سەقامگیری نرخی دۆلار لە عێراق و باس لە میكانیزمەكان لەم پێناوەدا كرا" 

بەیاننامەكەی بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەیش كردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا پاڵپشتی خۆی بۆ سەقامگیری ئابووری لە عێراق دەربڕی بە ئاماژەدان بەو پێوەندییە تەلەفۆنییەی لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و جۆبایدنی سەرۆكی ئەمەریكا گفتوگۆی لەبارەوە كراوە" 

"وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئامادەیی خۆیشی نیشاندا لەوەی كە هاریكار دەبن لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هاوبەشەی هەردوو لا لەپێناوی كۆبوونەتەوە" لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندی عێراقی هاتووە. 

لە كۆتایی بەیاننامەكەی بانكی ناوەندی عێراقیدا هاتووە، هەردوولا رێككەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و هاوكاری لە رێگەی ئەو كۆبوونەوانەی كە بڕیارە پێش ناوەڕاستی ئەم مانگە لە واشنتن ئەنجام بدرێت.

لە نۆڤێمبەری ساڵی رابردووەوە بەهۆی رێكارەكانی گەنجینەی ئەمەریكا و سەپاندنی سزا بەسەر چەند بانكێكی عێراقی بەهۆی بەقاچاخبردنی دۆلار و رۆڵیان لە سپی كردنەوەی پارەدا، نرخی دۆلار بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك 100 دۆلاری ئەمەریكی 177 هەزار دیناری تێپەڕاند.


وشە - تایبه‌ت