دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو راگەیەنرا

:: AM:10:34:01/03/2023 ‌
لیستی دابەشكردنی مووچەی لیوا هاوبەشەكان ئامادە كراوە و بڕیارە سبەی دەست بكرێت بە دابەشكردنی، لە هەفتەی داهاتووشدا لیستی مووچەی فەرمانبەران رادەگەیەنرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئادار، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی راگەیاند، ژمێریاریی وەزارەتی دارایی و ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە، بانكەكانیان ئاگادار كردووەتەوە، ڕۆژی پێنجشەم 2/3/2023، مووچەی مانگی شوباتی لیوا هاوبەشەكان دابەش دەكرێت.

باس لەوەش كراوە، هەموو ئامادەكارییەكان كراوە و هیچ كێشەیەك نییە، سبەی چەكی مووچە دابەش دەكرێت و لە هەمان ڕۆژ دەتوانن مووچەكانیان وەربگرن.

مووچەی لیوا هاوبەشەكان مانگانە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان دابین دەكرێ‌، مانگانە پێش دەستپێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی تر بە چەند ڕۆژێك دابەش دەكرێ‌.

لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی دارایی هاتووە، بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لێدوانی بۆهیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەداوە و هەر پێشهات و گۆڕانکاریەک هەبێت سەبارەت بەدابەشکردنی مووچە لە پەیجی ڕەسمی وەزارەت بڵاو دەکرێتەوە، هەر لێدوان و زانیاریەک لەپەیجی ڕەسمی وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاو نەکرێتەوە هیچ بنەمایەکی نییە و بەهەند وەرناگیرێت.   



وشە - رامیار جەواد