مووچەی خانەنشینی زیاد دەكرێ‌

:: AM:10:51:04/03/2023 ‌
نووسراوێك ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینی، سەرۆك وەزیرانیش داوای بەدواداچوون دەكات.

نووسراوی پەرلەمانتارێك بڵاو كراوەتەوە كە ئاراستەی محەمەد شیاع سوودانی كراوە بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینی، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك وەزیران دەستەی ڕاوێژكارانی ڕاسپاردووە بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە لەسەر زیادكردنی مووچەی خانەنشینان.

نایف شەمەری پەرلەمانتاری عێراق نووسراوەكەی بڵاو كردووەتەوە و تێدا هاتووە، زیادكردنی مووچەی خانەنشینی بۆ ئەوەیە وەك پاداشتێك بۆ ئەو خزمەتەی كردوویانە، بەهۆكاری ئەوەی بژێوی گرانە و زۆربەی خانەنشینانیش نەخۆشیی شەكرە و گوشاری خوێنیان هەیە و مووچەی ئێستە بەشیان ناكات، داوای كردووە مووچەكیان زیاد بكرێت بەجۆرێك كەمترین مووچە 800 هەزار دینار بێت.

ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران، هەوڵێكی بۆ خانەنشینان دەست پێ كردووە كە خۆی دەبینێتەوە لە زیادكردنی مووچە، تەرخانكردنی پارچە زەوی و كەمكردنەوەی كرێی گواستنەوە و هاتوچۆ و چەندان خزمەتگوزاریی تر.

ئەوە لە كاتێكدایە لە عێراق زیاتر لە ملیۆنێك خانەنشینی شارستانی و سەربازی هەیە و تا ئێستە دووجار یاسای خانەنشینی پێداچوونەوەی بۆ كراوە.


وشە - رامیار جەواد