راوێژكاری سودانی بۆ "وشە": بانكی ناوەندی راستەوخۆ دۆلار دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو

:: AM:11:30:10/03/2023 ‌
راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، رێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی خۆگونجاندنێكی خێرای لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی پلاتفۆرمی پابەندبوون بە بەكارهێنانی دراوی بیانوی وەرگرتووە، دەشڵێت، پلە بە پلە رێكارەكانی بانكی ناوەندی فراوانتر و باشتر دەكرێن بۆ دابەزینی نرخی دۆلار.

ئەمڕۆ هەینی 10ی ئادار، مەزهەر محەمەد راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بانكی ناوەندی بەپێی داتا ڕاگەیەندراوەكان بۆ فرۆشتنی دراوی بیانی، ئاماژە بەوە دەكات كە بازاڕی نیشتمانی خۆگونجاندنێكی خێرای لەگەڵ كۆنتڕۆڵەكانی پلاتفۆرمی پابەندبوون لە بەكارهێنانی دروستی دراوی بیانیدا وەرگرتووە.

هەروەها گوتی، تا زیاتر پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی پابەندبوونەوە زیاتر بێت بازاڕی ئاڵوگۆڕی هاوتەریب لە ڕووی نرخی ئاڵوگۆڕەوە لە بازاڕی فەرمی ناوەندییەوە نزیكتر دەبێتەوە، وردە وردە دەیبینین لەگەڵ گونجاندنی پاكێجەكانی بانكی ناوەندی بەرەو سەقامگیری دەڕوات.

لە بارەی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندی بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە پارێزگاكان، گوتیشی، ئەوە سیاسەتێكی زۆر باشە، بەڵام پلە بە پلە بانكی ناوەندی كاری لەسەر دەكات و ئەوەش زۆر باش دەبێت بۆ دابەزینی نرخی دۆلار، هەروەها لە حاڵەتی فرۆشتنی دۆلار بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە پارێزگاكان ئەو كۆمپانیایانە دەگرێتەوە كە لە لیستی (أ، ب).

لە بارەی ئەوەی پێشبینی دەكرێت دابەزینی نرخی دۆلار لە مانگی داهاتووەوە دابكەوێت، ناوبراو گوتی، پێشبینی دەكرێت و هیوادارین.

فرۆشتنی دۆلار بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕ پابەند دەكات بەوەی كە دۆلار بە 132 هەزار دینار بخەنە بازاڕەوە و بەوەش راستەوخۆ نرخی دۆلار دادەبەزێت بۆ نرخی فەرمی بانكی ناوەندی.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد