د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، باسی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ڕۆڵ و كاره‌كانی و دروستكردنی لۆبی و پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی كوردستان و ئه‌وروپا و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و یه‌كێتیییه ده‌كات و ده‌ڵێ، هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌یه.
له ڕووی كارگێڕییه‌وه ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت له یه‌كێتیی ئه‌وروپا چییه؟
د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: له‌ڕووی كارگێڕی، نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌ت به‌و هاووڵاتییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین یا ئه‌و كه‌سانه‌ی كۆمپانیایان له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و پێویستیان به ڕاستاندنی مامه‌ڵه‌كانیان هه‌یه لای ئێمه، له‌ڕووی پێدانی ڤیزایش یارمه‌تیی هاووڵاتییانمان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، له‌ڕووی خزمه‌تگوزارییش یارمه‌تی خه‌ڵكمان داوه، بۆنموونه كه‌سێك ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كی هه‌بێت، به‌ده‌م كێشه‌كه‌یه‌وه چووین، یا ئه‌وانه‌ی كه‌سێكیان لێ ده‌مرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی هاوكاری ده‌كه‌ین.
له‌ڕووی دروستكردنی لۆبی و دیپلۆماسییه‌وه، نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌ت له یه‌كێتی ئه‌ورووپا ڕۆڵی چۆن بووه؟
د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین زیاترین سوود له لۆبی وه‌ربگرین، چونكه دوای واشنتن، یه‌كێتی ئه‌وروپا گه‌وره‌ترین شوێنه بۆ لۆبی دروستكردن، به‌ڵام زۆرجار لۆبی له‌گه‌ڵ شتی تر تێكه‌ڵ ده‌كرێت، چونكه جیاوازه له‌گه‌ڵ دیپلۆماسییه‌ت، ئه‌مه‌ش زۆر جار له ڕێگه‌ی ڕێكخراو و كۆمپانیاكان ده‌كرێت و ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی دیراسه‌كردن ده‌بێت و ده‌بێت بزانین چۆن بڕوا به به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌ورووپا بێنین، چۆن پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، پێشتر ده‌مانویست بابه‌تی جینۆساید لۆبی بۆ دروست بكه‌ین، دواتر پێشینه‌مان گۆڕا بۆ شه‌ڕی داعش و ویستمان سه‌رنجی ئه‌وروپا ڕابكێشین بۆ هاوكاریكردنمان، ئه‌وه بوو یه‌كێتی ئه‌ورووپا بڕیاری دا خۆیان پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، جگه له‌وه‌یش له‌سه‌ر پرسی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان زۆر كارمان كرد و لۆبیمان بۆ كرد، تا ئه‌و پرسه له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا تێپه‌ڕ بێت، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی لۆبیكردن بوو، پێش ئه‌و كاره‌ش ویستمان دامه‌زراوه‌یه‌كمان هه‌بێت له نێو یه‌كێتی ئه‌وروپا تا ئه‌م جۆره كارانه باشتر به‌ڕێوه بچن و به پڕۆفیشناڵانه كار بكه‌ین، ئه‌وه بوو گرووپێكمان دروست كرد له‌نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به ناوی "گرووپی دۆستانی هه‌رێمی كوردستان" كه هه‌موویان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بوون و وامان كرد له‌نێو هه‌موو كوتله‌كانی نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێك بێت و سه‌رۆك و جێگریشمان بۆ دیاری كرد كه نزیكه‌ی 35 ئه‌ندامی هه‌بوو. ڕاسته ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كان كه‌م بوو، به‌ڵام له‌چاو گرووپه‌كانی تر زۆر باشتر بووین و ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی ئه‌و گرووپه‌ی ئێمه بوون خه‌ڵكی دیار و خاوه‌ن بڕیار بوون، و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه بوو پێی بگات، هه‌وڵ ده‌درا له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه له‌نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێشنیار بكرێت و كۆمه‌ڵێك بڕیارنامه و یاسا له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان درا كه هه‌موو ئه‌وانه له ڕێگه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بوو، جگه له‌وه‌ش ڕۆژانه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی خاوه‌ن بڕیار له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا پێوه‌ندیمان هه‌یه بۆ بابه‌ته تازه‌كان و ئه‌وان به شێوازی جیا یارمه‌تییان داوین، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی ئه‌وروپاش كارمان كردووه، به تایبه‌ت له بواری ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ی ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
گرنگیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا چییه؟
د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: هه‌رێمی كوردستان به هۆی پێگه‌ی جوگرافی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك ڕوو بدات لێره كاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپاش ده‌بێت، بۆنموونه بابه‌تی كۆچبه‌ران و بابه‌تی وزه و بابه‌تی تیرۆر و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه، هه‌روه‌ها ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه به گرنگ و یاریكه‌رێكی گرنگ سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌وانه وای كردووه كه یه‌كێتیی ئه‌وروپا به گرنگتر له هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت و دوای شه‌ڕی داعش و جه‌نگی ئۆكرانیا یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕووی كردووه‌ته بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و له‌مڕووه‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان زیاتر بۆیان گرنگه، گرنگییش به پێوه‌ندیی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن "ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی به‌هێزداین له چوارچێوه‌ی عێراقدا"، پێوه‌ندییه‌كانیشیان و سه‌ردانی شانده‌كانیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرنگیدانه‌یانه به هه‌رێمی كوردستان.
شاندێكی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستانن، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی و گرنگیی هاتنیان چییه؟
د. دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: هاتنی شاندی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی ئه‌وروپایه كه شاندێكیان هاتنه عێراق و هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ندییان به عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌یه، ئه‌و لیژنه‌یه لێی به‌رپرسه كه هاتوونه و ڕاپۆرته‌كانیشیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌یه، بۆیه سه‌ردانه‌كه‌یان مێژوویی بوو، چونكه 10 ساڵه سه‌ردانی وا نه‌كراوه، ئامانجی سه‌ره‌كیشیان گوێگرتن بوو له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئێسته هه‌ن و ئه‌و ته‌نگژانه‌ی هه‌ن و پێوه‌ندی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كان بوو، كه به لایانه‌وه گرنگ بوو پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراق باشتر بێت، هه‌روه‌ها ویستیان پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان به‌هێز بكه‌ن و پشتیوانیكردنی خۆشیان بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه هه‌رێمی كوردستان چه‌نده بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا گرنگه؟
د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: یه‌كێتی ئه‌وروپا خۆی دامه‌زراوه‌یه‌كه كه هێزی سه‌ربازی نییه، دوای جه‌نگی ئۆكرانیا بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه یه‌كێتی ئه‌وروپا بو‌دجه‌یه‌كی هه‌بێت بۆ كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و و یارمه‌تیی سه‌ربازی و دروستكردنی هێزێكی بچووك، ئه‌وه بوو له كاتی شه‌ڕی داعش بڕیاری دا و هانی وڵاتانی ئه‌ندامیانی دا كه هاوكاریی سه‌ربازی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و چه‌ندان وڵات هاتنه سه‌ر هێڵ و یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌یان دا و زانیاری‌یان پێ دان، وه‌ك فڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا، كرواتیا، ئیتالیا و وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافی و هه‌ر وڵاتێك به جۆرێك یارمه‌تیی پێشمه‌رگه‌یان دا، چ به ناردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی یان مه‌شق و ڕاهێنان و هتد. ئه‌و چاكسازییه‌ی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌وانن كه پشتگیریی ده‌كه‌ن، چونكه سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به سه‌قامگیریی خۆیان ده‌زانن.
ـ نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌ت له‌ڕووی به بازاڕكردنی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌وروپا، چی كردووه؟
د.دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: بابه‌تی هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆ كاری باشی له‌سه‌ر كراوه و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه سه‌ردانی بڕۆكسلی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا و به‌رپرسانی هه‌رێمه‌كان كۆبووه‌وه، یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كان ئه‌وه بوو كه یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن له‌باره‌ی به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌وروپا. یه‌كێتی ئه‌وروپا بازاڕێكی گه‌وره و كێبه‌ركێیه‌كی زۆری تێدایه، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان بتوانێت ئه‌و ده‌رگایه بكاته‌وه سوودێكی زۆر به كه‌رتی كشتوكاڵ و داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت. به‌رپرسانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌و بیرۆكه‌یان پێ باش بوو، چونكه ده‌یانه‌وێت زیاتر له‌و ڕێگه‌یه یارمه‌تیی ئێمه بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به هه‌ندێك ڕێكار هه‌یه كه ده‌بێت له ڕێگه‌ی یه‌كێك له وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئێمه بگاته به‌لجیكا و هۆڵه‌ندا دواتر ده‌توانرێت بۆ هه‌ر 27 وڵاتی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌نارده‌ی بكه‌ین. هه‌روه‌ها ده‌بێت، به‌شێكی تری پێوه‌ندی به دۆزینه‌وه و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ماركێتێك یا كۆمپانیایه‌كی گه‌وره هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ت بكڕێت و به‌سه‌ر بازاڕ دابه‌شی بكات، بۆ ئه‌مه‌یش ئێمه گوتمان له سه‌ره‌تادا ده‌توانین هه‌نار هه‌نارده بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش بڕیاره له مانگی شه‌ش شاندێك له به‌لجیكا بێن و له‌سه‌ر ئه‌وه دیراسه بكه‌ن و تاقیگه‌یه‌ك له هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تاقیگه‌یه‌كی به‌لجیكا به هاوبه‌شی كار بكه‌ن، تا ئه‌وه‌ی بڕوانامه به به‌رهه‌مه‌كانمان به پێی ستانداردی ئه‌ورووپی به به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و دواتر هه‌نارده‌ی بكه‌ین. پێشبینی ده‌كه‌ین له ماوه‌یه‌كی زوودا به‌رهه‌مه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بازاڕه‌كانی ئه‌ورووپا ببینین.
•دیمانه‌كه له فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگیراوه.