ناڕەزایەتییەكانی ئێران بەردەوامە.. باوكی ژینا ئەمینی هەڕەشە دەكات

:: PM:08:55:18/03/2023 ‌

شەش مانگ بەسەر كوژرانی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، تێپەڕ دەبێت، ئەو كچە كوردەی لە تاران بە دەستی پۆلیسی ئادابی ئێران بە ئەشكەنجەدان كوژرا، تا ئێستە دادگەی ئەو وڵاتە دەستی دەستی بە دۆسییەی كوشتنی دەكات، ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا دادگەكانی ئێران تۆمەتبار دەكات و هەڕەشەی داوای لێكۆڵینەوەی ناودەوڵەتی دەكات.

ئەمجەد ئەمینی، لە دیدارێكی لەگەڵ ماڵپەڕی "ئێران وایەر"، كە بارەگاكەی لە لەندەنە گوتی، وەك ماڵباتی ژینا تا ئێستە هەوڵی گەیشتن بە راستییەكان پێوەست بە گیانلەدەستدانی و جێبەجێبوونی دادوەری دەدەین، ئەو بێئومێدی خۆی لەبەرانبەر نەبوونی بێلایەنی لەلایەن دادگە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی كچەكەی دەربڕی. 

روونی كردەوە، بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە سیستمی دادوەری وەڵامیان بۆ سكاڵا و داواكارییەكانمان نەبوو، تەنانەت وەڵامی پارێزەری ماڵباتی ئێمەیان لە دۆسیەكە نەدایەوە، ئێمە داوای پێداچوونەوەمان بە تۆماری كامێراكانی بە جەستەی ئەو ئەفسەرەی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی ژینای گرتووە، كردووە، بەڵام بێ سوود.   

ئەمجەد ئاماژەی كرد، جیا لەوە وەك ماڵباتی ژینا داوامان كردووە رێگە بە پارێزەرانمان بدرێت قسە لەگەڵ ئەو ژنانە بكەن كە لەگەڵ ژینا گیراون و لەناو هەمان ئۆتۆمبێلدا بوونە، كەچی دەسەڵاتی دادوەری وەڵامیان نەدایەوە و بەو داواكارییە رازی نەبوون، ئەو خەمباری قووڵی خۆی بۆ ئەو كارە توندوتیژییانە دەربڕی كە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئێران گرتووەتەوە و گوتی، گیانلەدەستدانی كارەساتباری كچەكەم، بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی فرەوان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و باجەكەی لەسەر گەلی ئێران گەورە بوو.

وەك ئەمجەد دەڵێت، دادگە لە وەڵامدانەوەی داوای جێبەجێكردنی دادوەری لەلایەن ماڵباتی قوربانیانی تریش شكستی هێنا، بۆیە ناچار دەبین بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی نێودەوڵەتی، ئەوە ئەگەر هیچ ئەنجامێكمان لە سیستمی یاسای ئێران نەبینی.

شایەنی باسە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی رێزنەگرتن لە بنەما شەرعییەكانی پۆشاكی ژنان لە ئێران گیرا، بەڵام بەهۆی ئازاردانی گیانی لەدەست دا، دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند كە ئەو كچە بە نەخۆشی مردووە نەوەك بەهۆی ئازاردانی، ئامۆزاكەشی ئاماژەی كرد كە گورزێكی بەهێز بەر سەری كەوتووە، لەو كاتەی بەپێی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەو ساتەوە تا ئێستە زیاتر لە 500 كەس كوژراون و هەزارانیش گیراون، لەوانە ژمارەیەكیان لەدار دراون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل