بۆچی میدیاكانی سلێمانی لە بەرانبەر كێشەكانی سنوورەكە بێدەنگن؟

:: PM:09:26:18/03/2023 ‌
 
لە سلێمانی هەموو كارێكی نایاسایی دەكرێت، كەچی میدیاكانی سنوورەكە بێدەنگن و ئەو هەموو گەندەڵی و دزی و بێسەروبەرییەی هەیە نابینن، بەڵام ئەگەر شتێك روو بدات هەڵایەك دروست دەكەن بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی كارەكانی خۆیان، ئەمەش میدیای گێرەشیوێنییە نەك كاری راستەقینەی میدیا و راگەیاندن، بەگشتی بەشێكن لە هۆكاری دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزین لە ناوچەكە.

لە سنووری سلێمانی داهاتی مانگانە سەرو 100 ملیار دینارە، كەچی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان راگیراون، كەموكورتی لە سنوورەكە زۆرە و خەڵكی شارەكە لە سایەی حزبی دەسەڵات و دیارنەمانی داهات و نەگەڕانەوەی بۆ سەر خەزێنەی حكوومەت، هیچ خۆشحاڵنین و خزمەت ناكرێن، كەچی میدیا ئاراستەكراوەكان بێدەنگیان لێ كردووە و دەستێكی باڵاشیان لە نانەوەی ئاژاوە و ئاڵۆزی هەیە.
 
لەوبارەوە نەزاكەت سەعید، پرۆفیسۆر و مامۆستای زانكۆی سلێمانی بە گوشە"ی راگەیاند، میدیا سێبەرەكان كە ئامانجیان شێواندنی شتەكانی بەرانبەرە، هەمیشە كار بۆ گێرەشێوێنی دەكەن، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بوون كە بۆیان دانراوە، ئامانجیان هێرشكردنە بۆ سەر حزب و لایەنێك، بەڵام هەر ئەو میدیایانە هەرچی لە سنوورەكەی خۆیان رووب دات، بێدەنگ دەبن بەرانبەری و قسە ناكەن، چونكە لە بەرژەوەندییان نییە.
مەبەستیان چارەسەركردنی كێشەكانی سنوورەكە نییە، بەڵكو دەیانەوێ ناسەقامگیری و نائارامی دروست بكەن
باسی لەوەش كرد، ئەو میدیایانەی كە سەر بە حزبێكن، ستراتیجییەتیان بۆ دانراوە كە دژی حزبی تر بن، كار لەسەر كەموكورتی و كێشە و گرفتەكانی سنوورەكەی خۆیان ناكەن، هەرچەندە گەندەڵی و كاری نایاسایی دروستبێت، مەچی دەبێت میدیا كار بۆ ئەركە راستەقینەكەی بكات، ئەو میدیایانە كە لایەنێك ئاراستەیان دەكات پلان بۆ دانراون بەو جۆرە بن و هەمیشە گرژی و ئاڵۆزی دروست بكەن.

لای خۆیەوە سەربەست ساڵح، رۆژنامەنووس لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەشێك لە میدیاكان ئایدۆلۆجین و سەر بە حزب و رەوتی سیاسین، لە سنووری كار و ئیدارەی خۆیان ئەگەر شتێكی باش بكرێت زۆر باسی دەكەن و گرنگی پێ دەدەن، بەڵام لە هەمان سنوور كاتێك كێشە و گرفت و گەندەڵی و هەر شتێكی نایاسایی بێتە پێشەوە، دەیشارنەوە و باسی ناكەن و بە ئەركی راستەقینەی خۆیان هەڵناستن.

روونی كردەوە، میدیایەك هەیە لە كوردستان كار لەسەر قووڵكردنەوەی ناوچەگەرایی دەكات، زۆر مۆركی حزبایەتی پێوەیە و بەها نیشتمانی و نەتەوەییەكان رەچاو ناكات، زۆرجار هەوڵی دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی دەدات، دەبینین رۆژانە چۆنە لە سنوورێك كاری نایاسایی دەكرێت، بەڵام ئەو میدیایانە باسی ناكەن، ئەمە دیوی خراپ و لایەنی خراپن، هەر ئەو هێزانەی لە ناو حكوومەت بەشداربوون تەنیا ئامانجیان پۆست و پلە بووە و بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەڵنەساون و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دزیوەتەوە، میدیاكانیشیان بە هەمان سیاسەت كاریان كردووە.

هاووڵاتییانی سنوورەكەش دركیان بەوە كردووە، میدیاكانی ئەو سنوورە هۆكاری ئاڵۆزی و پشێوی ناوچەكەن، ئەركیان چاككردن و چارەسەركردنی كێشە و كەموكورتییەكانی سنوورەكە نییە، بەڵام هەمیشە بەدوای ئەوەوەن ناسەقامگیری و نائارامی دروست بكەن و بۆ ناوچەكانی تر ببنە هۆكاری سووكایەتیكردن.

جەمال عەلی، هاووڵاتی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، نازانم لە سلێمانی دەیان میدیا هەیە، ئەگەر نیوەی ئەو میدیایانە كەموكورتییەكانی سلێمانی نیشانی خەڵك بدەن، ئێستە خەڵكی سلێمانی هێندە بێناز نەدەبوون و ئەو هەموو كێشە و خراپیی ناوچەكە چارەسەر دەبوو، ئەو هەموو پڕۆژە و نەبوونی خزمەتگوزارییەی هەیە، گرفتی داهات و پارەی بانكەكان كە لە رابردوو وەزیری دارایی بە ئاشكرا باسی كرد، بەڵام ئەوان قسەیان لەسەر نەكرد و بێ دەنگ بوون.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل