تیمساحێك دەبێتە میوانی ناوەختی پیاوێك

:: PM:12:52:19/03/2023 ‌
هەواڵی سەیروسەمەرە و جۆراوجۆر لە دنیادا بڵاو دەبنەوە، وەك ئەوەی لە ویلایەتێكی ئەمەریكا، تیمساحێك دەچێتە بەردەرگای ماڵێك و بە كلكی لە دەرگا دەدات، كاتێك دەرگای لێ دەكەنەوە، پەلاماری خاوەن ماڵ دەدات و برینداری دەكات، ئەمەیە پێی دەڵێن "میوانی ناوەخت".

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئادار، ئەو هەواڵەی سەیرەی بڵاو كردووەتەوە كە لە فلۆریدای ئەمەریكا، تیمساحێك دەچێتە بەردەگای ماڵێك و بە كلكی لە دەرگا دەدات، كاتێك خاەن ماڵ كە پیاوێكە، دەرگاكە دەكاتەوە، تیمساحەكە پەلاماری دەدات و بە سەختی رانی بریندار دەكات. ئەو هەواڵە لە تۆڕی "سی ئێن ئێن" بلاو كرایەوە و پێگە عەرەبییەكە لەوی وەرگرتووە.

ئەو پیاوەی تیمساحەكە پەلاماری داوە، تەمەنی 56 ساڵە و ئەو بۆ میدیاكان باسی كردووە، ئەو لە ماڵ بووە و تەماشای تەلەڤزیۆنی كردووە، لەناكاودا گوێی لە دەنگی دەرگا دەبێت، چووە دەرگاكە بكاتەوە و هەر لە كردنەوەكەی دەرگاكە، دەستبەجێ تیمساحێك پەلاماری دەدات و رانی زۆر بەسەختی بریندار دەكات.

كاتێك لیژنەی ماسی و ژیانی وشكایی بە رووداوەكە دەزانن، دەستبەجێ دەگەنە شوێنەكە و دەبینن تیمساحێك بە درێژایی دوو مەتر و 72 سانتیمەتر لە نزیكی رووداوەكەیە، دەستبەجێ پیاوە بریندارەكە "سكۆت هۆڵینجسۆرس" دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.

ئەو لیژنەیە لە فلۆریدا، بەردەوام رێنوێنی و هۆشداریی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە و گەشتیاران بڵاو دەكاتەوە كە لە هەندێك شوێنی كەناری دەریاكە نزیك نەكەونەوە، چونكە تیمساحی زۆری هەیە، هاوكات خۆراك نەدەنە تیمساحەكان.

لیژنەكە لە رێی ئینتەرنێتیشەوە هۆشداریی بڵاو كردووەتەوە بەتایبەتی كە پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە، تیمساحەكان دێنە كەناری دەریا و زۆرجاریش لە ماڵەكانیش نزیك دەبنەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د