پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان راگەیەنرا

:: AM:10:53:20/03/2023 ‌
كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، پێدانی جۆرە قەرزێكی بە كۆمپانیا تازە دامەزراوەكان راگەیاند و لینكی پڕكردنەوی فۆڕم بەشێوەی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئادار، كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لقی كۆمپانیای ئەمەریكی پێپسیكۆ PepsiCO  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستپێشخەرییەكی نوێ بە ناونیشانی (گرینهاس ئەكسیلەرەیتەر) دەخاتەگەڕ، لە ڕێیەوە مینحەی دارایی بچووك دەبەخشێتە كۆمپانیا تازە دامەزراوەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

باس لەوەش كراوە، مینحە داراییەكە دەدرێتە ئەو كۆمپانیایانەی پڕۆژە پێشكەش دەكەن، پڕۆژەكانیش تیشك دەخەنە سەر ئەو ڕێكارە كشتوكاڵییانەی دەتوانرێ بەردەوام پشتیان پێ ببەسترێت و پاڵپشتیكەری ئاسایشی خۆراكن لەسەر ئاستی ناوچەكە؛ ڕێكار لە نموونەی شێوازی باشتری بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو، داهێنان لە كارایی كاركردندا، بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لە پیشەسازیی كشتوكاڵی و هتد. 

پێپسیكۆ یەكێكە لەو چەندان كۆمپانیا ئەمەریكییانەی بەشدارن لە پاڵپشتیكردن لەو ڕێكارانەی بەكارهێنانی وزە كە دەتوانرێ بەردەوام پشتیان پێ ببەسترێت.




وشە - رامیار جەواد