ئەو كەسەی وێنەی سناپی كچانی لابوو گیرا

:: PM:01:37:20/03/2023 ‌

پۆلیسی گەرمیان بڵاوی كردووەتەوە، ئەو كەسەیان گرتووە كە چەند وێنەیەكی سناپی كچانی لابوو و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیانی دەكرد و داوای پارەی دەكرد.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئادار، عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهۆی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، پۆلیس تۆمەتبارێكی گرت.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە چەمچەماڵەوە سكاڵای هێنایە لای بنكەی پۆلیسی كفری، سكاڵای لەسەر كەسێك بەناوی (م - ع - س ) دانیشتووی كفری تۆمار كرد كە لەڕێی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی (سناپ چات)، دوای ئەوەی چەند وێنەیەك لە ناو پڕۆفایلی كچی سكاڵاكار دەبات و لە بەرانبەر بڵاونەكردنەوەیدا داوای پارەی كردووە.

باسی لەوەش كرد، دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، پۆلیسی كفری توانیان تۆمەتبار بگرن و دەستیان بەسەر مۆبایل و ئەو كاوتنەكەیدا گرتووە كە هەڕەشەی لە چەندان كەسی تر كردووە و داوای پارەی لێ كردوون. ئێستە ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە.

روونی كردەوە، تاوانبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (2) ی خراپ بەكارهێنانی مۆبایل، بەند كراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


 



وشە - رامیار جەواد