ئازه‌ربایجان یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی تێدا ده‌ژی، به‌ڵام زۆرینه‌یان له سه‌رده‌می حووكمی ستالین له ناوچه‌كانی كوردستانی سوور ڕاگوێزراون و به‌ره‌و ئازه‌ربایجان و ناوچه‌كانی تر به زۆر گوێزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام جیا له‌وه‌یش به‌شێكی تری كورد هه‌ن كه له ئێرانه‌وه كۆچیان بۆ ئازه‌ربایجان كردووه و ئێسته گه‌ڕه‌كێكیان له ناوچه‌ی ئیفلاخ پێكهێناوه، ئه‌و ناوچه‌یه به ناوه‌ندی هاتوچۆی هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ناو وڵاته‌كه هه‌ژمار ده‌كرێ و به دووری 280 كیلۆمه‌تر له باكۆی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته دووره و كه‌وتووه‌ته سه‌ر ڕووباری كوراوه.
كاتێك به پیاده به درێژایی ئه‌و شه‌قامه ده‌ڕۆیت كه پردێك به‌یه‌كه‌وه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت و له‌سه‌ر ڕووباری كورا دروستكراوه تا ده‌گه‌یت به وێستگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان له ناوچه‌ی ئیفلاخ، خه‌ڵكانێك ده‌بینی كه دۆخی ژیانیان زۆر سه‌ره‌تایییه و ڕووخسار و شێوازی ژیان و جلوبه‌رگ و مامه‌ڵه‌كردن و ته‌نانه‌ت زاراوه‌ی قسه‌كردنیشیان به ئازه‌ربایجانی جیاوازه له‌گه‌ڵ ته‌واوی ناوچه‌كانی تری ئه‌و وڵاته، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرینه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وانه بریتین له "غهجهرهكان" و هاتوونه‌ته ئازه‌ربایجانه‌وه، غهجهرهكان گه‌لێكی جێگیرنین و به موزیك و ئاهه‌نگ و سێرك له سه‌رده‌می ڕۆمای كۆنه‌وه به‌ناوبانگ بوون و له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر گواستوویانه‌ته‌وه. به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه دژی ئه‌وه‌ن كه ناسنامه‌ی غهجهرهكانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ و خۆیان به كوردی عه‌جه‌مستان ناو ده‌به‌ن، كه مه‌به‌ست لێی كوردانی ئێرانه.
خۆیان باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه باوانیان له ساڵانی 1940 و 1950ی سه‌ده‌ی ڕابردوو له ئێرانه‌وه كۆچیان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه كردووه و له شوێنه‌ی سه‌ر ڕووباری كورا له ناوچه‌ی ئیفلاخ نیشته‌جێبوون و تا ئێسته‌یش ئه‌و ناوچه‌یان جێنه‌هێشتووه و لێی ماونه‌ته‌وه و نه‌وه له دوای نه‌وه له‌و شوێنه جێگیربوونه و نه‌یانگواستووه‌ته‌وه.
ئه‌میل كهریمۆڤ زانای ئه‌نسرۆپۆلۆجیا له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌و شوێنه ده‌ژین بریتین له غهجهرهكان كه له ئه‌وروپایش ئه‌و ناوه‌یان پێ ده‌گوترێ و سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ناوه‌یش بۆ ئه‌و گرووپه خه‌ڵكه له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می زاینی بووه، ڕه‌سه‌نی ئه‌و گرووپه خه‌ڵكه‌یش هیندی-ئه‌وروپی بووه، كه له ته‌واوی ئه‌وروپا و ناوه‌ڕاستی ئاسیا بڵاوبوونه‌ته‌وه. زۆر قورسه بتوانی ژماره‌یان له ئازه‌ربایجان بخه‌ملێنێت، چونكه زۆرینه‌ی ڕه‌هایان باوه‌ڕیان به ناسنامه و خۆتۆماركردن له داووده‌زگه فه‌رمییه‌كان نییه و به ئازادی و ڕه‌هایی ده‌ژین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش به گوێره‌ی ئاماره‌كانی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی ئازه‌ربایجان ژماره‌یان ده‌گاته سه‌رووی 10 هه‌زار كه‌س.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه خه‌ڵكه ناوی غهجهرهكانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، به‌ڵام شاكرۆ پیۆندیك سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی فه‌رهه‌نگی رۆمای كۆن له‌و وڵاته ده‌ڵێ، ئه‌مانه به زمانی كوردی قسه ده‌كه‌ن و ئاوازی قسه‌كردنیان به ئازه‌ربایجانیش تێكه‌ڵه‌یه‌كه له كوردی و ئازه‌ربایجانی و ناتوانێ وه‌ك غهجهرهكان هه‌ژمار بكرێن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان كوردی عه‌له‌وی و ئهبازین.
به گوێره‌ی قسه‌ی خه‌ڵكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه كوردییه‌ی ناوچه‌ی ئیفلاخ، ئه‌وان باوانیان له ئێرانه‌وه هاتوون و به ئاینیش مسوڵمانن. به‌ڵام ئه‌میل كهریمۆڤ دووباره باس له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان غهجهرن و ده‌ڵێ، له‌وكاته‌ی كه له ئێران ناوی باوانیان تۆماركراوه، زانیاری له‌باره‌ی غه‌جه‌ر بوونی نه‌بووه، بۆیه وه‌ك كورد هه‌ژماركراون و له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان به كورد ناونووسكراون و پۆلێنكراون.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و جیاوازی بۆچوونانه، به‌ڵام ئه‌مه ناتوانێ نكۆڵی له‌وه بكات كه ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له ئازه‌ربایجان ده‌ژین و ته‌نانه‌ت له كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ناوچه‌ی كه‌ره‌باخ له سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌كی زۆری كورد له‌و ناوچه‌یه بوونیان هه‌بووه و ئێسته‌یش زیاتر له 60 هه‌زار كوردی شیعه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئازه‌ربایجان و هه‌رێمی ناكشیڤان بوونیان هه‌یه و نیشته‌جێن و درێژه به ژیانیان ده‌ده‌ن.
مێژووی كه‌ره‌باخ و كورد ناتوانرێ له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه و له سه‌رده‌مانی زۆر زووه‌وه كورد له‌و ناوچه‌یه بوونیان هه‌یه و به به‌شێك له خاكی كوردیش هه‌ژمار ده‌كرێ، به‌ڵام له سه‌رده‌می شه‌ڕه‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌می زاینی ژماره‌ی كورده‌كان به ئاراسته‌ی ناوه‌ڕاستی ئاسیا له ئه‌رمینیاوه بۆ ئازه‌ربایجان زۆر زیاتربوو، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆری كورد له ڕیزی سوپای عوسمانییه‌كان بوونی هه‌بوو و له‌گه‌ڵ سه‌فه‌وییه‌كان ده‌جه‌نگان.
به‌شێك له شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ژماره‌ی كورد له ئازه‌ربایجان له‌وه زیاتره كه باسی لێوه ده‌كرێ و زانیاری له‌باره دهدركێنرێت و خه‌مڵاندنی ئه‌وه‌یش ده‌كه‌ن كه ڕێژه‌ی 2.8 خه‌ڵكی ئازه‌ربایجان له بنه‌ڕه‌تدا و به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن و له‌و وڵاته ده‌ژین و به درێژایی مێژوو له‌و شوێنه بوونیان هه‌بووه.