یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان لە وڵاتانی عەرەبی و كوردستان دیاری كرا

:: PM:02:49:21/03/2023 ‌
لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان، سەعات 5:30 خولەك كۆ دەبێتەوە و چاودێری مانگ دەكات بۆ دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان، بەڵام سەرچاوە فەلەكییەكان رای دەگەیەنن، ئەستەمە بتوانرێ مانگ ببینرێ، بۆیە رۆژی پێنجشەم رەمەزانە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئادار، لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی كوردستان، لە سەعات 5:30ی ئێوارە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی كوردستان كۆ دەبێَتەوە.

بەپێی ئەو راگەیەنراوەی "وشە" لەلایەن لیژنەكەوە بەدەستی گەیشتووە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە كۆبوونەوەكە بە مەبەستی چاودێریكردن و دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.

ئەوەیش روون كراوەتەوە، بەپێی بەڵگە و بنەما شەرعییەكان، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری دەكرێ.

ئەو لیژنەیە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری هەرێمی كوردستانە، ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان یەك-دوو رۆژ پێشتر، چاودێریی مانگ دەكەن بۆ دیاریكردنی  مانگی رەمەزان و جەژن.

هاوكات بەپێی سەرچاوە فەلەكییەكان كە ئاماژەیان بەوە كردووە، بەپێی ئەوەی دەركەوتووە رۆژی پێنجشەم 23ی ئادار یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە، بەگوێرەی ئەوەی رۆژی 21ی ئادار، مانگ لە بەردەم خۆر ئاوا دەبێت لە وڵاتانی عەرەبی، لەوكاتەشدا ئەستەمە بتوانرێ ببینرێ، بۆیە بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی 23ی ئادار یەكەم رۆژی مانگی رەمەزانە.


وشە - زریان تەها