كێ‌ لە پشتی ئەو شەقوەشاندنەی یانەكانی شەوانەی سلێمانییە؟

:: PM:04:09:21/03/2023 ‌
گرتەیەكی ڤیدیۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزای توندی لێ‌ كەوتووەتەوە كاتێك یەكێك لە گۆانیبێژەكانی سلێمانی لەناو لایڤ موزیكەكەی هەڵدەكوتێتە سەر مێزی كەسانی تری و شەق دەوەشێنێ‌.

گرتە ڤیدیۆیەكە درەنگانی شەوی رابردوو بڵاوكرایەوە و لە یانەیەكی شەوانەی سلێمانی تۆمار كراوە، بەڵام پۆلیس و هیچ دەزگایەكی تەناهیی روونكردنەوەی لەسەر گرتە ڤیدیۆیەیەكە نەداوە.

بەشێك لە میدیاكانی سلێمانی كە نزیكن لە لاهوور شێخ جەنگی زانیاریان لەسەر ئەو گرتە ڤیدۆیەیە بڵاو كردەوە و دەڵێن، ئەوە لە یانەیەكی شەوانە لە سلێمانی روویداوە كە یانەكە خاوەندارییەتی بۆ چەند بەرپرسێكی ناو دژەتیرۆری یەكێتی دەگەڕێتەوە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە یەكێك لە بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتی بەناوی هەكاری باڵەك خاوەنی یانەی شەوانەیە لە سلێمانی و ئێستە كراوەتە سەرپەرشتیاری هەموو یانەكان.

ئەو میدیایانە ئەوەیشیان ئاشكرا كردووە كە لە ژێر گوشاری بەرپرسانی دژەتیرۆری یەكێتی، ئەو كەسەی هێرشی كراوەتە سەر هیچ سكاڵایەكی لەسەر "شاباز زەمانی" گۆرانیبێژ تۆمار نەكردووە كاتێك بە شەق هێرش دەكاتە سەری. 

شابان زەمانی گۆرانیبێژێكی سنووری سلێمانییە، زیاتر لە یانە شەوانەكاندا گۆرانی دەڵێ‌، لەماوەی رابردوو بەهۆی شەڕ و كێشەی كۆمەڵایەتی بۆ ماوەیەك گیرا، بەڵام دواتر ئازاد كرا. 

ئەو كردەی روویدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزایی لێ‌ كەوتووەتەوە و هەندێك لە هاووڵاتییان لەگەڵ بڵاو كردنەوەی گرتە ڤیدۆیەیەكدا نووسیویانە " رازین بەم وەزعە؟، ئەمە دۆخی تەناهیی شاری سلێمانییە كە هیچ كەسێك خۆی ناكات بە خاوەنی".

لەلایەكی ترەوە، نیاز نووری نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان رەتی كردووەتەوە كە شاباز زەمانی وەك هونەرمەند لە سەندیكاكەی ئەوان ناوی تۆمار كرابێت و دەڵێ‌، ئەو كەسە هونەرمەند نییە. 

رەنگە حاڵەتی لەو جۆرە لە یانە شەوانەكانی سلێمانی زۆر بن، بەڵام كەمتر ئاشكرا دەبن بەتایبەت كە ئێستە لەلایەن گرووپێكی ناو دژەتیرۆری یەكێتییەوە بەرێوە دەبردرێن. 



وشە - وشه‌