پۆلیس: بەهۆی غیرە و دڵپیسییەوە ژنێك هاوگیانەكەی خۆی كوشت

:: PM:06:32:21/03/2023 ‌
 
ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئاداری 2023، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانەكان لە بەسرە رای گەیاند كە ژنێك بە 19 چەقۆ ژنی برای مێردەكەی خۆی "هاوگیانی" كوشتووە تەنیا لەبەر ئەوەی غیرەی لێ كردووە.

لە بەیاننامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەسرە كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە هاتووە، ژنێك لە شارەدێی دیر لە پارێزگای بەسرە بە هۆكاری غیرە و دڵپیسی هەستاوە بە كوشتنی هاوگیانەكەی خۆی بە 19 چەقۆ.

لە بەیاننامەكە ئەوەیش هاتووە، تەواوی ئەندامانی ماڵباتی ژنە بكوژەكە دەیانەوێ ئاراستەی كوشتنەكە بگۆڕن و بڵێن كوشتنەكە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی كۆنەوە بووە لە نێوانیان.

پۆلیس ئاماژەی بەوە داوە، هەرچەندە باوك و ئامۆزا و براكانی ژنەكە دەزانن كچەكەیان بۆ تاوانەكەی ئەنجام داوە، بەڵام دەیانەوێ هۆكارەكەی بگۆڕن.

پۆلیس ئاماژەی بەوە كردووە، هەوڵی شاردنەوەی هۆكاری راستەقینەی رووداوەكە لەلایەن ماڵباتی ژنەكەوە لەلایەن پۆلیسەوە حسێبی بۆ ناكرێت چونكە لەئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بۆمان دەركەوتووە كە هۆكاری راستەقینە بەهۆی بوونی غیرە و دڵپیسییەوە بووە لەلایەن ئەم ژنەوە بەرانبەر هاوگیانەكەی.


وشە - تایبه‌ت