بڕیار بۆ یاریزانانی رۆژوەوان دەرچوو "یاریەكە دەوەستێت لەكاتی بەربانگ"

:: PM:07:07:21/03/2023 ‌
بەبۆنەی نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز خولی نایابی ئینگلترا بڕیاری دا كە  بارودۆخی ئەو یاریزانانە لەبەرچاوبگیرێت لەكاتی یاری كردندا كە بەرۆژوون و ئەگەر كاتی رۆژووشكاندنیان كەوتە ناو یاری ئەوا پێویستە ناوبژیوان یاریەكە رابگرێت تا ئەوكاتەی یاریزانانی رۆژوەوان رۆژووەكەیان دەشكێنن. 

تۆڕی هەواڵی "سكای سپۆرت" بڵاوی كردەوە، پرێمەرلێگ داوای لە ناوبژیوانان كردووە لە تەواوی خوولەكانی یانە ئینگلیزییەكان رێگە  بەو یاریزانانە بدرێ رۆژووەكانیان بشكێنن  كە یاریەكانیان دەكەوێتە ئێوارە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا. 

زیاتر هاتووە، رێنوێنی بۆ گشت ناوبژیوانەكان دەرچووە كە یاریەكان بوەستێنن لەپێناو بەربانگكردنەوەی یاریزانە مسوڵمانەكان تا رۆژووەكەیان دەشكێنن تا ئەوكاتەی شلە و چەند خواردنێكی سووك دەخۆن. 

ئاماژە بەوەیش كراوە، پێش دەستپێكردنی هەر یارییەك پێویستە ئەو یاریزانەی كە بە رۆژووە پێشوەختە ناوبژیوانی یارییەكە ئاگادار بكاتەوە و ئەگەر لەگەڵ چەند یاریزانێكی تریش لە هەمان یاریدا بە رۆژووبوون، بۆیان هەیە لەسەر كاتێكی دیاری كراو رێككەوتن بكەن تا لەوكاتدا یارییەكە بوەستێندرێت و بەربانگی خۆیان بكەنەوە. 

ئاژانسە هەواڵییە وەرزشییەكە پێشبینی كردووە، كۆمەڵێك یاریزانی نایابی خوولەكە  بەرۆژووبن، لەناویشیاندا محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی لیڤەرپوول و ریاز موحریز لە مانچستەر ستی و نجولی كانتی لە تشیلی. 

مانگی رەمەزان لای مسوڵمانان تایبەتمەندییەكی گەورەی هەیە و ئەوانەی بەرۆژووش نابن ریز لە مانگەكە دەگرن بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە  پیرۆزانەی كە لەلایەن ئاینەكەیانەوە بۆ مانگەكە دیاری كراوە، پێنجشەم 23ی ئاداری 2023 یەكەم رۆژی مانگەكە دەست پێدەكات و لە تەواوی جیهان لەلایەن مسوڵمانانەوە ئامادەكاری كراوە.


وشە - تایبه‌ت