دۆخێكی تەناهیی خراپ سلێمانیی گرتووەتەوە و بەهۆی ئەوەی یەكێتی حزبی باڵادەستی سنوورەكەیە و دەزگا تەناهییەكانی سنوورەكە لە ژێر فەرمان و دەسەڵاتی خۆیدان، ئەوە وایكردووە كە لەهەر لایەكەوە خەڵك بكوژرێت، هاوكات هێزەكانی سەربە یەكێتیش هەڵدەكەوتنە سەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت و بە ئارەزوویان خۆیان دۆخەكە دەشێوێنن و بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوكێیان خستووەتە دڵی هاووڵاتییان.
سەرباز خۆشناو كادری پێشكەوتی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخەی كە روو دەدات لە ناوچەكە، لە رووی تەناهییەوە كاریگەریی زۆر خراپ دروست دەكات لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش، خەڵكی دەرەوە بە بوونی ئارامی ناوچەكە سەرسامن و روو دەكەنە پارێزگاكانی هەرێم، كاتێك ئەو ئارامییە نەمێنێت، خەڵكی دەرەوەش روو ناكەنە سنوورەكە و ناوچەكە دەبێتە ناوچەیەكی نائارام و ناسەقامگیر، ئەوەش وا دەكات خەڵك سڵ بكەنەوە لەوەی بێنە هەرێم.
زیاتر گوتی، كاتێك ئارامی نەمێنێت سەقامگیریش نامێنێت، ئەوەی لە سلێمانی روو دەدات پێویستە خەڵك لە ژیانی خۆی دڵنیا بێت و پارێزراو بێت، كاتێك تاكەكانی كۆمەڵگە هەوڵیان دا خۆیان هەقی خۆیان بسێنن و پەنا بۆ یاسا و دادگا نەبەن، ئەمە وادەكات دیاردەی چەك و تەقەكردن و ترساندن و تۆقاندن زیاتر بێت، ئەوەش لە ناوچەیەك كە سلێمانی دەسەڵاتی بەسەریدا نییە و حزب جێی حكوومەتی گرتووەتەوە، پێویستە حزب ئەگەر ئەو ئارامییەی پێ دابین ناكرێت، رادەستی حكوومەتی بكاتەوە.
سامان جاف ئەندامێكی ناڕازی یەكێتی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دۆخە خراپەی سلێمانی لە رووی ئاسایشەوە وەك ئەوە وایە هەموو هێزەكانی سەربە یەكێتی ئاگادار كرابێتنەوە لە تێكدانی دۆخەكە، بافڵ هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخەیە، چونكە ئەو هێزانە لە ژێر فەرمانی خۆیدان و ئەو دەسەڵاتی هەیە بەسەریاندا و دەتوانێ رایانبگرێت و بەڕەڵاشیان بكات و بكەونە گیانی خەڵك و نائارامی دروست بكەن، ئەگەرنا كارمەندێكی دژەتیرۆر چۆن دەتوانێت بچێتە سەر نەخۆشخانەیەكی منداڵان و چۆن تەقە بكات و بكەوێتە گیانی خەڵك.
ئەوەشی گوت، لە دوای هەشتی تەمووزەوە دۆخی سلێمانی هەفتەیەك ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەبینیوە، هەرجارە و شتێك رووی داوە و بەجۆرێك ئاژاوە و شڵەژان دروست دەكرێت، خەڵك لە ماڵەكەی خۆی ئاسوودە نییە و ناتوانێت بە ئاسوودەیی بچێتە دەرەوە، خەڵك ترسیان هەیە، لەسەر شەقام و لە شوێنی گشتی و لە هەر شوێنێك تەقە دەكرێت و خەڵك بریندار دەكرێت و خەڵك دەكوژرێت، خۆیان هەموو شتێكن و دەستیش بۆ هەموو شتێك دەبەن.
وشە/ تایبەت