ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا چ كاریگەرییەكی لەسەر هەدەپە و كوردی ئەو وڵاتە دەبێت؟

:: PM:05:42:15/05/2023 ‌

دوێنێ توركیا رۆژێكی مێژوویی بەڕێ كرد، كاتێك هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز لەو وڵاتە بەڕێوە چوو و هەردوولای ركابەری سەرەكی تا دوا ساتەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان ئومێدی سەركەوتنیان هەبوو، تا پرۆسەكە لەدوای جیاكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكان بە سەركەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی ئێستە و پارتەكەی لە پەرلەمان كۆتایی هات، ئەگەرچی سەركەوتنەكە پۆستەكەی بۆ پێنج ساڵی تر بەتەواوەتی یەكلایی نەكردەوە و چاوەڕوانی دووەم گەڕی دەنگدانن.
 
یەكێك لە رەهەند و رووە گرنگەكانی ئەو هەڵبژاردنە، گرنگی پرۆسەكە بوو بۆ كوردی باكور، كە بەسەر هەردوو بەرەدا دابەش بوون، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی سەرەكیی كوردانی باكور، كە بەناوی پارتی سەوزی چەپڕەو بەشداری لە پرۆسەكەدا كرد، نەیتوانی هەمان ژمارەی كورسی پەرلەمانی هەڵبژاردنی پێشوو بەدەست بێنێتەوە، جیا لەوە بە پاڵپشتیكردنی بەرەی نەیار بۆ ئاكەپە و ئەردۆغان، كە پێشبینی دەكرێت براوەی ئەم هەڵبژاردنە بن وەك سەرۆك و حكوومەت و زۆرینەی پەرلەمانی، رەنگە بۆ هەدەپە و كورد و ناوچە كوردییەكان و خواستەكانیان كێشە دروست بكات.

د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە پۆستێك دۆخەكەی ئێستە و داهاتووی كوردی باكور و هەدەپە شرۆڤە دەكات و لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، هەدەپە دەیویست بە پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانی میلەت گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی لە توركیا روو بدات، بەشێوەیەك گوشارەكانی سەر ئەو پارتە كەم ببنەوە و تا رادەیەك سەركۆماری نوێ سیاسەتێكی نەرمتر بەرانبەر بە پرسی كورد لە باكور بگرێتە بەر. 

زیاتر دەڵێت، بەڵام هیچ گرەنتییەك بۆ ئەو مەبەستە نەبووە، تەنانەت هیچ رێككەوتنیك لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت داواكارییەكانی نەكرا، واتە ئەوان بەخۆڕایی و بەبێ هیچ رێككەوتنێك خۆیان بەسەر بەرەیەكدا یەكلا كردەوە، ئێستەش ئەو بەرەیە تووشی دۆڕان هاتووە، تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پرسی كورد یان چارەسەریی پرسەكە بەهیچ شێوەیەك بەشێك نەبووە لە دروشمی كەمپینەكانی هەڵبژاردن.

ئەو پسپۆڕە روونی كردەوە، ئێستەش كە هاوپەیمانییەكەی ئەردۆغان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، كە نزیكەی 326 كورسییە، واتە ئەوان لە پەرلەمان بڕیاردەرن، هەروەها لە كاندیدی سەركۆماریش ئەگەر لە خولی یەكەم دەرنەچێت، ئەوا لە خولی دووەم بە مسۆگەری ئەو پۆستە دەبەنەوە، واتە تا پێنج ساڵی تر لە توركیا هەر ئاكپارتی و هاپەیمانەكانی دەسەڵاتدارن، بۆیە لەم گەمەیەدا كورد لە زۆر رووەوە زیانی بەركەوتووە.

لەبارەی ئەو زیانانەی هەدەپە و كورد بەگشتی بەهۆی پرۆسەكە كردوویانە، هیتووتی دووپاتی كردەوە، یەكەم/ ئەوان بەبێ هیچ پلان و بەرنامەیەك خۆیان بەسەر بەرەیەكدا یەكلا كردەوە بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ بكەن، ئیستەش ئەو بەرەیە تووشی دۆڕان هاتووە، ئەمەش بەو مانایە دێت كە لەمە بەدواوە گوشارەكان لەسەر هەدەپە زیاتر دەبن و ترسی ئەوەش هەیە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ئەردۆغان توڵەیان لێ بكاتەوە. وەك چۆن لەكاتی لەدەستدانی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ بەهۆی پاڵپشتیكردنی هەدەپە لە جەهەپە، توركیا ئۆپراسیۆنی سەربازی لە سووریا ئەنجام دا و گرێ‌ سپی و سەرێ كانی داگیر كرد.

دووەم/ كورد ئەگەر خۆی بەو شێوەیە یەكلا نەكردبایەوە، ئێستە بەتایبەت ئەگەر هەڵبژاردنەكە بچێتە خولی دووەم، پێگەی زیاتر بەهێز دەبوو و بەرچاوڕوونییەك دروست دەبوو بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوكێشەكاندا بكەن، بەڵام ئێستە هەم كورد ئەو گرنگییەی لەدەست دا و هەم چیتر كورد kingmaker  نییە لە توركیا.

سێیەم/ دەنگی لایەنە نەتەوەپەرستەكان، بەتایبەت جەهەپە لە ناوچە كوردییەكان بەرز بووتەوە، لە بەرانبەردا دەنگی كورد لەكەمی داوە، ئەوەش دیسان ئاماژەیەكە بەوەی وەك پێویست هەدەپە كاری نەكردووە.

چوارەم/ سیاسەت تۆڵەكردنەوە و عینادی نییە، بەڵكو گەمەیەكی سیاسییە و بەرنامەی سیاسی دەوێت، دەبێت بە وریاییەوە گەمەكە بكەیت، راستە ئەردۆغان سیاسەتێكی زۆر خراپی بەرانبەر هەدەپە پیادە كردووە، بەڵام گرنگ بوو پێش خۆیەكلاكردنەوە بە ئاشكرا یان بە نهێنی قسەیان لەگەڵ كردبان، لەوانە بوو ئەوكات ئاكەپە نەرمی بەرانبەر بە كورد پێشان دابوایە.

لە كۆتاییدا هیتووتی دووپاتی كردەوە، لەبیرمان نەچێت ئەوەی بەسەر هەدەپە هات هەمووی ئەردۆغان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵكو بەشێكی ئەو حزبە خۆی لێی بەرپرسیارە، ئێستەش ئەگەر هەڵبژاردنەكە بچێتە گەڕی دووم، گرنگە هەدەپە دەرگەی گفتوگو لەگەڵ ئاكەپە دانەخات، باشترین بژارەش ئەوەیە ئەگەر هیچ لایەنیك شتێكیان پێ نەبوو نەچیتە هیچ بەرەیەكەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل