بودجەی عێراق لە پەسندكردن نزیك بووەتەوە

:: PM:09:10:18/05/2023 ‌

ئێستە زۆرینەی بڕگە و مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە، هەر ئەمڕۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دووپاتی لە پەلەكردن لە پەسندكردنی بودجەی عێراق كردەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، چەندان كێشە لە پڕۆژەكەدا ماون، بەڵام ئەگەر ی هەیە بە هاوشێوەی یاسای هەڵبژاردن بەپەلە بێتە تێپەڕكردن.

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە زۆرینەی بڕگەكانی پڕۆژەیاسای بودجەی دەنگی لەسەر دراوە، ئەوەش دوای 46مین كۆبوونەوەی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەیاساكە كە بۆ سێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025ە، ئێستە دەنگ لەسەر زۆرینەی بڕگەكانی یاساكە دراوە وەك خۆسازدان بۆ رەوانەكردنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان.

عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، چارەنووسی زۆر توێژ پێوەستە بە دەنگدان لەسەر یاساكە، بۆیە لیژنەكەیان سوورە لەسەر پەلەكردن لە تەواوكردنی بەو شێوەی خواستەكان گەل بەدی بێنێت.

لای خۆیەوە سعوود ساعیدی، پەرلەمانتاری عێراق بەدووری زانی لە ماوەی هەفتەی داهاتوو پڕۆژەكە تێپەڕ بكرێت، ئەوەش بەهۆی بوونی ناكۆكی زۆر لەسەر هەندێك لە بڕگەكان، بۆیە پێشبینی ناكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە تێپەڕ بكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، سەرەڕای بوونی خواست لە لایەن حكوومەت و نیوچە رێككەوتنێكی سیاسی، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە كاتی زیاترە، بۆیە ئەگەر هەیە پەسندكردنی بودجە بكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە، ئەوە ئەگەر هەمان تێپەڕاندنی یاساكانی تر پێڕەو نەكرێت، لەوانە هەموواری یاسای هەڵبژاردن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل