بۆچی نرخی دۆلار و خۆراك و كاڵاكان هەرزان نابن؟

:: PM:10:42:18/05/2023 ‌

حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و گەیاندنی نرخەكەی لە بازاڕ بۆ نرخی فەرمیی فرۆشتنی لە بانكەكان، دوای هەوڵێكی زۆر، توانرا نرخەكەی كەمێك دابەزێت و رێگریش لە هەڵكشانی بكرێت، ئەگەرچی جیاوازی نرخی فەرمی و بازاڕ هەر ماوە، هاوكات نرخی كاڵا و مادە خۆراكییەكانیش هەر بەرز ماونەتەوە، بەڵام بۆچی هەرزان نابن؟.

لەو كاتەی بانكی ناوەندی عێراق ناوە ناوە دۆلارێكی زۆری رۆژانە دەخاتە  بازاڕەوە، كە تەنیا زیادبوونی نرخی دۆلار لەوەی هەیە رادەگرێت، واتە ئەو هەنگاوە كاریگەرییەكی كاتی بەسەر بازاڕ هەیە، هاوكات نرخی كاڵا و مادە خۆراكییەكان لەوەتەی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەڵكشان، هێشتا ئاسایی نەبوونەتەوە.

نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە زەحمەتە نرخی كاڵا و مادە خۆراكییەكان روو لە دابەزین بكەن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی عێراق نرخی فەرمیی دۆلاری هێناوەتە خوارەوە، ئێستە دۆلاری هەرزان بووەتە ئامانجێكی ئاسان بۆ بەقاچاخبردنی بۆ وڵاتانی تر.

روونی كردەوە، دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ، ئێستە لە عێراق رووبەڕووی كێشەیەكی گەورە بووینەتەوە، ئەوەش گەورەیی قەبارەی بازرگانییە لەگەڵ ئێران، ئێستە عێراق بە بەهای ساڵانەی 10 ملیار دۆلار كاڵا و مادەی خۆراك لە ئێران هاوردە دەكات، لەوكاتەی پێشتر لە رێگەی بانكەكانی ئیماراتی پارەی ئەو بازرگانییەی چارەسەر دەكرد.

مەرسوومی زیاتر گوتی، دوای جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەكۆی ئەلیكترۆنی، ئێستە پارەی ئەو بازرگانییە بە دۆلاری كاش چارەسەر دەكرێت، بۆیە ئێستە بردنەدەرەوەی دۆلار بە قاچاخ هەیە، جا ئەگەر میكانیزمێكی نوێ بە رەزامەندی ئەمەریكا بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران نەدۆزرێتەوە، ئەو جیاوازییەی لە نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار هەر دەمێنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل