سەگە بەڕەڵاكان منداڵێكی سێ ساڵی دەكوژن

:: AM:09:05:22/05/2023 ‌
سەگی بەڕەڵا لێرە و ئەوێ كێشەی رژدیان بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە، لە زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵات ئەو دیاردەیە دەبینرێ كە هاووڵاتییان دەكەونەبەر كەڵبەی سەگە بەڕەڵاكان، لە كوردستانیش هەمان كێشە تا ئێست بەردەوامە. لە لیبیا منداڵێكی سێ ساڵی لەلایەن سەگی بەڕەڵاوە دەكوژرێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 22ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، منداڵێكی لیبی كە لەناو كێڵگەی باوكیدا یاری دەكرد، لەلایەن سەكی بەڕەڵاوە پەلامار درا و بەهۆی زۆریی برینەكانی، لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا. ئەو رووداوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لیبیای گرتووەتەوە و دەسەڵاتی وڵاتەكە رەخنەباران دەكەن.

ئەو رووداوە لە ناوچەی قیرەی سەربە شاری سەبهای باشووی لیبیا رووی داوە. منداڵەكە ناوی "عومەر یوسف"ـە و تەمەنی تەنیا سێ ساڵە. كاتێك بێ ئاگایی باوك و خێزانەكەی خەریكی یاری بووە لە كێڵگەكەی باوكی، سەگی بەڕەڵا پەلامایان داوە و لە چەندان شوێنی جەستەی بەسەختی برینداریان كردووە، دوای گەیانددنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لە دەست داوە.

هاووڵاتییانی لیبی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و دەسەڵاتی وڵاتەكەیان رەخنەباران كرد، چونكە دیاردەكە زۆربەی شارەكانی لیبیای گرتووە و هەڕەشەكەیش بەردەوامی هەیە و بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، بەتایبەتی سەگی بەڕەڵا لە شوێنی دانیشتووان زۆر بوون.

ئاماژە بەوە دراوە كە ساڵی پاریش منداڵێكی هەشت ساڵی لە ناوچەی براكی لیبیا، كەوتەبەر كەڵبەی سەگی بەڕەڵا و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا.

لە زۆربەی شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستانیش هەمان دیاردە دەبینرێت، لێرە و لەوێ هاووڵاتییان هەڕەشەی سەگی بەڕەڵایان لەسەرە. بەمدواییە دەسەڵاتی خۆجێی هەولێری پایەتەخت رایان گەیاندبوو، بەمزووانە شوێنێكی تایبەت بۆ كۆكردنەوەی سەگی بەڕەڵا ئامادە دەكرێ و سەرجەمیان لەوێ كۆ دەكەینەوە تا مەترسی لەسەر هاووڵاتییان نەمێنێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د