مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له‌وتارێكدا له ئاكرێ رای گه‌یاند، ده‌زانم خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه خزمه‌تێكی زۆر زیاتر بكرێت.
سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له وتاره‌كه‌یدا گوتی، په‌رله‌مان بڕیاری ئه‌وه‌ی دا كه هه‌ڵبژاردن بكرێت له ڕێگه‌ی كاراكردنی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن. من ده‌ستخۆشی له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كه‌م بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م بڕیاره گرنگه، چونكه به‌ڕاستی شه‌رعیه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن دۆستانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه كه ئایا خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕیان به دیموكراسیه‌ت و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌یه یان نا؟.
ده‌قی وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان:
به ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
خوشك و برایانی هێژا
ئاماده‌بوانی قه‌درگران
سوپاس بۆ ئاماده‌بوونی ئێوه. من زۆر خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه ئه‌و ده‌رفه‌ته هاتۆته پێشه‌وه تاوه‌كوو بێم و له خزمه‌تی ئێوه‌دا بم. من پێم خۆش بوو زووتر بێین، هه‌ندێك دره‌نگ بوو له هاتنمان بۆ سه‌ردانی ئێره هه‌رچه‌نده پێش ئێستا من هاتم، به‌ڵام پێم خۆش بوو بێین هه‌ندێك ده‌ستكه‌وتی حكوومه‌ت لێره له‌گه‌ڵ ئێوه باس بكه‌ین، نێین ته‌نیا به‌ڵێن بده‌ین. بێین ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ی كراون، به ئێوه بڵێین ئه‌م پرۆژانه كراون، ئه‌و پرۆژانه‌ی دیش كه به‌رده‌ستن، ئیشه‌ڵا له داهاتوو بكرێن.
پێش ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر داوا و پرۆژه‌كانی ده‌ڤه‌ری ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش، یه‌ك دوو بابه‌تی گشتی هه‌ن كه من ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ی پێ بده‌م، ئه‌ویش په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرالیی به‌غدا كه ئێمه گه‌یشتووینه‌ته كوێ؟ دووه‌م دۆخی ناوخۆی هه‌رێم. به كورتی هه‌ندێك خاڵ هه‌ن ده‌مه‌وێ ئاماژه پێ بده‌م.
من دڵخۆشم كه له‌و دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا خزمه‌تێكی به‌رچاو كراوه
له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق، ئێمه زۆر هه‌وڵمان دا بگه‌ینه رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌و حكوومه‌ته تازه‌یه و به‌ڕێز سوودانیی سه‌رۆك وه‌زیران، له‌سه‌ر بابه‌تی نه‌وت و بودجه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه كێشه‌یان له‌سه‌ر هه‌یه له نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمه، چ پێویست بووه ئێمه كردوومانه و هه‌ر ئه‌ركێك كه‌وتبێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێم، ئێمه به زیاده‌وه جێبه‌جێمان كردووه، چاوه‌ڕێین حكوومه‌تی فیدرالیش ئیلتزام به به‌ڵێنه‌كانی خۆیه‌وه بدات و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵیاندا كردوومانه، به درووستی جێبه‌جێ بكرێن كه به پێشبینیی ئێمه نه‌ك ته‌نیا خزمه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵكوو ده‌بێته ده‌رگای خێر بۆ هه‌موو عێراقیش. ئێمه چاوه‌ڕێین بودجه‌ی به‌غدا و بودجه‌ی حكوومه‌تی عێراقیش په‌سه‌ند بكرێت، كه ئه‌ویش ده‌رگایه‌كی دیكه‌ی خێر ده‌كاته‌وه له رووی ئابوورییه‌وه. هه‌رچه‌نده له‌م ماوه‌یه زۆر فشاری ئابووری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو. ئێوه‌ش ده‌زانن ئه‌وه نزیكه‌ی دوو مانگه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده ناكه‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نه‌مانهێشتووه پرۆژه‌كان له هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستن، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌تیش راسته دواكه‌وتووه، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌ی پێمان كراوه، كردوومانه و مووچه‌ی ئه‌وانمان داوه، ئه‌وه‌یشی هه‌یه پابه‌ندییه له‌سه‌ر حكوومه‌ت و ئیشه‌ڵا مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت بده‌ین. به‌ڵام ئێمه چاومان له‌وه هه‌یه كه حكوومه‌تی عێراق به‌بێ فه‌رق و جیاوازی، ئه‌و ئیلتزاماتهی كه ده‌كه‌وێته سه‌ر حكوومه‌تی فیدرالی له به‌رامبه‌ر ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جێبه‌جێی بكات.
له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك ئێوه بینیتان پێش چه‌ند ڕۆژێك، جه‌نابی سه‌رۆك له بارزان، له بۆنه‌ی یادگه‌ی بارزانیی نه‌مر كه له بارزان كرا، بانگه‌وازێكی ئاراسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌نه‌وه، بۆ خاتری ئاشته‌وایی نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی خه‌ڵكی كوردستان، كێشه و ئاریشه بخه‌نه لایه‌ك و هه‌موو پێكه‌وه هه‌وڵبده‌ن خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن. هیوادارم هه‌موو لایه‌ك ئه‌م بانگه‌وازه وه‌كوو خۆی وه‌ربگرن و بێنه پێشه‌وه و خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان و خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیی وڵات و خاكی ئێمه بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حزبی یان شه‌خسی. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئێمه جێبه‌جێمان كرد و هه‌نگاوی باشمان نا، ئێوه ده‌زانن پێش ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك كێشه و ئاریشه هه‌بوو له‌نێو كابینه‌ی حكوومه‌ت، هه‌ندێك وه‌زیر و ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكوومه‌ت له برایانی یه‌كێتی به‌شدار نه‌بوون و ماوه‌یه‌ك نه‌ده‌هاتنه كۆبوونه‌وه، به‌ڵام پاش ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه و هه‌ندێك كۆبوونه‌وه كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌مانكرد، له هه‌فته‌ی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، به ئاماده‌بوونی هه‌موو وه‌زیره‌كان و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانیش كۆبوونه‌وه‌كه به‌سترا و هیوادارین ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خۆمان، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی حزبی و سیاسیش هه‌بن، ئه‌و كێشانه له‌سه‌ر ئاستی حزبی و له‌نێوان حزبه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام حكوومه‌ت وه‌ك حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار، نه‌كه‌وێته نێو ئه‌و ململانێ حزبییانه.
ئه‌مڕۆش ئێوه بینیتان كه په‌رله‌مان بڕیاری ئه‌وه‌ی دا كه هه‌ڵبژاردن بكرێت له ڕێگه‌ی كاراكردنی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن. من ده‌ستخۆشی له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كه‌م بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م بڕیاره گرنگه، چونكه به‌ڕاستی شه‌رعیه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن دۆستانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه كه ئایا خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕیان به دیموكراسیه‌ت و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌یه یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئاریشهش هه‌بن ئه‌و ئاریشانه دێنه چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام هیچ شتێك نابێ ڕێگربێ له‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌ركراوه، پشتڕاستكردنهوهیهكه بۆ ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕیان به پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن هه‌یه و هیوادارم له كاتی خۆیشیدا له كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكرێت.
له‌باره‌ی دۆخی هه‌ردوو قه‌زای ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش، من خۆشحاڵم كه گوێم له هه‌ندێك ژماره و داتا بوو، پێش ئێستاش پێیان گوتم كه چه‌ند پرۆژه لێره ئه‌نجام دراون، جێی ده‌ستخۆشییه. من ده‌زانم خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره شایسته‌ی ئه‌وه‌یه كه خزمه‌تێكی زۆر زیاتر بكرێت، ئێمه هه‌موو شایه‌دین له شه‌ڕی به‌رگریكردن له شه‌رعیه‌ت و له شه‌ڕی تیرۆریزم چه‌نده خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره شه‌هید بوون، به‌رگریكردنی خه‌ڵك له خاكی كوردستان ئه‌ركی ئێمه هه‌موومانه، به‌ڵام ڕۆڵی ئه‌م ده‌ڤه‌ره له به‌رگریكردن له كوردستان، له هه‌موو قه‌زا و ناحیه و پارێزگاكانی كوردستان، جێی ته‌قدیره و سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان نه‌وی ده‌كه‌ین و ده‌ستخۆشی له پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و خه‌ڵكی قاره‌مانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش ده‌كه‌ین.
هه‌قی ئێوه‌یه هه‌رچه‌نده خزمه‌تی ئێوه بكرێت، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ به راشكاوی باسی ئه‌وه بكه‌م كه به‌شێك له‌و كێشانه‌ی كه هه‌تا ئێستا به‌پێی پێویست خزمه‌ت نه‌كراون، نه‌بوونی ئیمكانیات بووه، وه‌كوو پێویست ئه‌و توانایه‌مان نه‌بووه، ره‌نگه بێ چانسیش بووبین، كاتێك كابینهمان وه‌رگرت به‌داخه‌وه نه‌خۆشیی كۆرۆنا هه‌موو كوردستان و هه‌موو دونیای گرت. له لایه‌كی دیكه‌وه نرخی نه‌وت زۆر زۆر دابه‌زی و جموجۆڵی بازرگانی له كوردستان ته‌قریبه‌ن نه‌ما، حكوومه‌تی فیدرالیش بودجه‌ی هه‌رێمی بڕی كه هێشتا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر نه‌بووه. ئه‌م بابه‌ته ئابوورییانه فشارێكی زۆریان خسته سه‌رمان، وای كرد ئێمه نه‌توانین به‌و شێوه‌یه‌ی پێویسته خزمه‌تی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی بكه‌ین. هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌ڤه‌ره پێش ئێستاش به داخه‌وه، خزمه‌تگوزارییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان بۆ نه‌كراوه. زۆرجار بایه‌خ به ده‌ڤه‌رێكی دیكه دراوه، به‌ڵام ئه‌م ده‌ڤه‌ره وه‌كوو پێویسته گرنگی پێ نه‌دراوه، ئێمه هه‌وڵمان دا به‌و توانایهیشی هه‌یه كه‌مێك قه‌ره‌بووی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه بكه‌ین كه بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره ئه‌نجام نه‌دراوه، بۆیه من له‌گه‌ڵ جه‌نابی پارێزگار و به‌رپرسانی حكوومه‌ت زۆر چووینه نێو بابه‌ته‌كه تا بزانین چ پێویسته بۆ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره بكرێت، ئه‌و پرۆژه ستراتیژی و گرنگانه‌ی كه له‌سه‌ر داخوازی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه خۆیان بووه، سه‌یر بكه‌ین بزانین چیمان پێ ده‌كرێ ئه‌وه‌یان بۆ جێبه‌جێ بكه‌ین.
من دڵخۆشم كه له‌و دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا خزمه‌تێكی به‌رچاو كراوه، هێشتا له ئاستی تمووحاتی ئێمه‌دا نییه و له ئاستی خزمه‌تكردنی ئێوه‌شدا نییه، به‌ڵام ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان پێ كراوه، هه‌ر كاتێك توانای زیاترمان به‌ده‌سته‌وه بێت، دڵنیا بن ئێمه گرنگیی زیاتر به ئێوه و ئه‌و ناوچه‌یه به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌ده‌ین.