قالیباف دیسان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران هه‌ڵبژێرا و بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگره‌كه‌شی شه‌ڕ رووی دا

:: PM:04:04:23/05/2023 ‌
محه‌مه‌د باقر قالیباف، بۆ چواره‌م ساڵی له‌ دوای یه‌ك بووه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران. ركابه‌ره‌كانی قالیباف ده‌نگێكی كه‌میان ده‌سته‌به‌ر كرد و دواتر بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، شه‌ڕ رووی دا.
 
هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌لیاس نادران و فه‌ره‌یدوون عه‌باسی، ركابه‌ریی قالیبافیان كرد. قالیباف 210 ده‌نگ، ئه‌لیاس نادران 47 ده‌نگ و كاندیده‌كه‌ی تریش حه‌وت ده‌نگی په‌رله‌مانی ده‌سته‌به‌ر كرد.

دواتر ده‌نگدان بۆ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا و عه‌بدولڕه‌زا میسری به‌ 158 ده‌نگ سه‌ركه‌وت، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌م كێشه‌ و شه‌ڕ له‌ په‌رله‌مان رووی دا.

ده‌نگه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ موجته‌با زونوری و عه‌لی نیكزاد 152 ده‌نگ بوون، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد ده‌نگه‌كان چه‌ند جارێك بژمێردرێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد شه‌ڕ و ده‌مه‌قاڵه‌ بێته‌ كایه‌وه‌ و چه‌ند په‌رله‌مانتارێك په‌لاماری یه‌كتر بده‌ن.

بڕیار درا به‌ تیروپشك یه‌كێكیان بكرێته‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان
به‌گوێره‌ی دۆیچه‌وێله‌، دوای ئه‌مه‌ بڕیار درا به‌ تیروپشك یه‌كێكیان بكرێته‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌م رێكاره‌ش هێنده‌ی تر دۆخی په‌رله‌مانی ئاڵۆز كرد.

دواجار هه‌ر له‌ رێی تیروپشكه‌وه‌ زونوری به‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران هاته‌ هه‌ڵبژاردن.

11یه‌مین خولی په‌رله‌مانی ئێران كه‌ له‌ ساڵی 2020ه‌وه‌ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردووه‌، زۆربه‌ی نوێنه‌ره‌كانی هی باڵی توندئاژۆی رژێمن و له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنێكدا چوونه‌ته‌ په‌رله‌مان كه‌ رێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك زۆر نزم بووه‌.


وشە - سلێمان تاشان