موقتەدا سەدر دوژمنەكانی خۆی ئاشكرا دەكات

:: PM:10:41:23/05/2023 ‌

ئێستە لەناو ماڵی شیعەدا هێرشێكی توند بۆ سەر رەوتی سەدر و موقتەدا سەدری سەركردەی رەوتەكە هەیە، جیا لەو گوشارانەی ئێران و هێزە سیاسی و میلیشیا شیعەكان كە بووە هۆی وەدەرنانی لە پرۆسەی سیاسی و رادەستكردنی بەركەوتەی هەڵبژاردنی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هێرشەكان بۆ سەر سەدر و لایەنگرانی بەردەوامە.

بەر لە ماوەیەك هێرش كرایە سەر سەدری باوكی موقتەدا، كاتێك یەكێك لە پیاوە ئاینییە شیعەكان باسی ئەوەی كرد نابێت گوێڕایەڵی و پێڕەوی كەسێكی مردوو بكرێت، پێش ئەوەش كازم حائیری، مەرجەعی شیعە كە سەدرییەكان پێڕەوی دەكەن، لەلایەن ئێرانەوە ناچاری پاشەكشەكردن كرا، بەوەی تەواوی پێڕەوانی دەبێت گوێڕایڵی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران بكەن.

ماوەیەكە جیا لە ئەندام و بەرپرسانی سەدر، هێرش دەكرێتە سەر خودی موقتەدا سەدر، لە رێگەی گرووپێك بەناوی "خاوەن دۆسیەكە"، كە گرووپێكی توندڕۆی ئاراستەكراوی ناو رەوتی سەدرن، ئەوان بۆ شێواندنی پێگە و شێوەی موقتەدا سەدر و مەرجەعیەتی باوكی لەناو شیعە و موسڵمانان، بانگەشەی ئەوە دەكەن موقتەدا سەدر ئیمام مەهدی چاوەڕوانكراوە.

ئەمڕۆ لە كاتی سەردانیكردنی بۆ مەزاری باوك و براكەی لە نەجەف لە ساڵوەگەڕیی كوژرانیان، موقتەدا سەدر رای گەیاند، شەڕی سیاسی لەگەڵ گەندەڵكاران بووەتە شەڕێكی بیروباوەڕ، روونی كردەوە، ئەوە پیشە و ئاكاری گەندەڵكار و ترازاوانە، كە دەستی دەرەكی پاڵپشتیان دەكات.

سەدر دووپاتی كردەوە هەر كەسێك بانگەشەی ئەوە دەكات من ئیمام مەهدیم، ئەو دوژمنی خوا و ماڵباتی سەدر و دوژمنی منیشە، گرووپی "خاوەن دۆسیەكە"، دوژمنی منن و تۆبەكردنیان بۆ نییە. 

شارەزایان پێیان وایە ئەو گرووپە لەلایەن چەند هێزێكی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ گوشار خستنە سەر موقتەدا سەدر و رەوتەكەی و لاوازكردنیان دروستكراون و ئاراستە دەكرێن، لە لایەك دەیانەوێ كوشار بخەنە سەر سەدر بۆ گەڕانەوە بۆ ریزی ئەوان، لە لایەكی تر دەیانەوێ سەدر لەبەرچاوی شەقام و لایەنگرانی بە كەسێكی خورافیات و تەلەكەباز پێشان بدەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل