كلیچدارئۆغڵو پێویستی بە موعجیزەیە.. كورد دەیكاتە سەركۆمار؟

:: PM:05:46:25/05/2023 ‌

پێشبینی شارەزا و چاودێران بۆ دۆخی توركیا بەو ئاراستەیەیە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی توركیا لە سەركەوتنی كەمال كلیچدارئۆغڵو نزیكترە، تەنانەت هەندێك لەوان پێیان وایە سەركەوتنی كلیچدارئۆغڵو پێویستی بە موعجیزە هەیە، بەڵام ئەگەر تەواوی كورد دەنگی پێ بدات، ئەو موعجیزە دێتی دی.
  
دوای ئەوەی لە 14ی ئەم مانگە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوە چوو، ئەردۆغان و حزب و هاوپەیمانیەتییەكەی سەركەوتنیان بەدەست هێنا، توانیان پێش هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بكەونەوە، بەڵام ئەردۆغان نەیتوانی رێژەی پێویست بۆ هەڵبژاردنەوەی وەك سەرۆكی توركیا بەدەست بێنێت، ئەوەش وای كرد دیاریكردنی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ دووەم گەڕ دوا بكەوێت، كە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە، واتە یەكشەمی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنەكەدا زۆرینەی كورد پاڵپشتی لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد، دوای دەركەوتنی ئەنجامەكان بە دۆڕانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ ئاماژەی كرد، هەدەپە دەیویست بە پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانی میلەت گۆڕانكاری لە پرۆسەی سیاسی لە توركیا روو بدات، بەشێوەیەك گوشارەكانی سەر ئەو پارتە كەم ببنەوە و تا رادەیەك سەركۆماری نوێ سیاسەتێكی نەرمتر بەرانبەر بە پرسی كورد لە باكور بگرێتە بەر. 

زیاتر گوتی، بەڵام هیچ گرەنتییەك بۆ ئەو مەبەستە نەبوو، تەنانەت هیچ رێككەوتنیك لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت داواكارییەكانی نەكرا، واتە ئەوان بەخۆڕایی و بەبێ هیچ رێككەوتنێك خۆیان بەسەر بەرەیەكدا یەكلا كردەوە، ئێستەش ئەو بەرەیە تووشی دۆڕان هاتووە، تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پرسی كورد یان چارەسەریی پرسەكە، بەهیچ شێوەیەك بەشێك نەبووە لە دروشمی كەمپینەكانی هەڵبژاردن.

هیتووتی روونی كردەوە، ئێستەش كە هاوپەیمانییەكەی ئەردۆغان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، كە نزیكەی 326 كورسییە، واتە ئەوان لە پەرلەمان بڕیاردەرن، هەروەها لە كاندیدی سەركۆماریش ئەگەر لە خولی یەكەم دەرنەچێت، ئەوا لە خولی دووەم بە مسۆگەری ئەو پۆستە دەبەنەوە، واتە تا پێنج ساڵی تر لە توركیا هەر ئاكپارتی و هاپەیمانەكانی دەسەڵاتدارن، بۆیە لەم گەمەیەدا كورد لە زۆر رووەوە زیانی بەركەوتووە.

لەوكاتەی ئەو پسپۆڕە ئاماژە دەكات كە ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە گەڕی دووەم، باشترین بژارە ئەوەیە ئەگەر هیچ لایەنیك شتێكیان پێ نەبوو كورد نەچێتە هیچ بەرەیەكەوە، كەچی هەدەپە جارێكی تر خۆی لەسەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن یەكلا كردەوە، كاتێك ئەمڕۆ بە فەرمی رای گەیاند كە لە دووەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگ لە دژی ئەردۆغان دەدەن، هەدەپە دوای  كۆنگرەی رۆژی پێنجشەم رای گەیاند، بەهیچ شێوەیەك ئەردۆغان نابێتە بژارەیەك بۆ ئێمە و تاكە بژارە گۆڕینی خۆی و سیستمی فەرمانڕەواكەیەتی، وەك ئاماژەیەك بۆ پاڵپشتیكردنی كلیچدارئۆغڵو.

بۆیە هەدەپە داوای لە لایەنگرانی كرد بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوایەتی تاكەكەسی، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەردۆغان، كە بەر لە چەند ساڵێك سیستمی فەرمانڕەوایەتی لە توركیا لە پەرلەمانی كردە سەرۆكایەتی، لەو كاتەی لە یەكەم گەڕی دەنگدان زۆرینەی ناوچە كوردییەكان دەنگیان لە كلیچدارئۆغڵو دا.

لای خۆیەوە عەلی سەراف، نووسەری عێراقی لەبارەی دووەم گەڕی هەڵبژاردنی توركیا ئاماژە دەكات كە كلیچدارئۆغڵو پێویستی بە موعجیزە هەیە بۆ بردنەوە، ئەو سەردەمەش هی موعجیزە نییە، بەڵام كوردی توركیا دەتوانن ئێستە مەعجیزەیەك بكەن، كە ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە توركیا و خزمەتی خۆیان و توركیای پێ بكەن. 

روونی كردەوە، لە یەكەم گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كورد بە رێژەی 62% دەنگیان لە كلیچدارئۆغڵو دا، بەڵام بۆ گەڕی دووەم ئەو رێژەیە سوودی بۆ ئەو كاندیدەی ئۆپۆزسیۆن نییە بۆ تێپەڕكردنی رێژەی پێویست بۆ بردنەوە، بەتایبەتی كە سینان دۆغان، نەتەوەپەرستی توندڕۆ كە لە یەكەم گەڕدا رێژەی زیاتر لە 5%ی دەنگەكانی هێنا، ئێستە لە ئەردۆغان نزیك بووەتەوە و پاڵپشتی لەو دەكات.

سەراف دووپاتی دەكاتەوە كە كوردی توركیا یەك بژارەیان لەپێشە، ئەویش پاڵپشتیكردنی كلیچدارئۆغڵوە بە رێژەیەك زۆر گەورەی دەنگەكان، واتە كەمتر نەبێت لە 92%ی دەنگی كورد بۆ ئەوەی موعجیزەكە بێتە دی، بۆ ئەوەی بتوانن قەرەبووی ئەو 5%ی دەنگەی لە رێگەی دۆغانەوە بۆ ئەردۆغان دەچێت بكەنەوە، بابەتەكەش پێوەندی بە رێژەی دەنگدانەوە نییە، بەڵكو بە رێژەی بەشداریكردنی كورد لە دەنگدانەكە، ئەوە تاكە رێگەیە بتوانرێت جیاوازی نێوان دەنگی هەردوولا نەمێنێت، بەڵام ئەوەش ئاسان نییە، چونكە زەحمەتە هەدەپە بتوانێت وا بكات زۆرینەی دەنگدەری كورد بەشداری لە پرۆسەكەدا بكەن و ئەو موعجیزە دروست بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل