40 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتە هەرێم

:: PM:08:56:25/05/2023 ‌

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت كە بەشێكی پارەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە، دووپاتی كردەوە، دوای رادەستكردنی گەنمەكە لە لایەن جووتیارانەوە، دەست بە دابەشكردنی پارەكەیان دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایار، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق بەشێكی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ ئەمساڵ خستووەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، بۆیە هەر كات دەست بە رادەستكردنی گەنم كرا، دەست بە دابەشكردنی پارەكە دەكرێت.

زیاتر گوتی، پارەكە 40 ملیار دینارە، لەو بڕە 20 ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانییە و 10 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر و 10 ملیار دیناریش بۆ پارێزگای دهۆك دەبێت، ئاشكرای كرد كە بۆ ئەو مەبەستە دەست بە رێكارە كارگێڕی و داراییەكان كراوە، بۆیە پاش رادەستكردنی گەنم بۆ سایلۆكان، جووتیاران پارەی خۆیان وەردەگرن.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم  ئاماژەی كرد، ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ هەموو هەرێم تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی دیاری كردووە كە وەربگیرێت، تۆنیشی بە 850 هەزار دینار دانراوە، بۆیە هەركات جووتیار گەنمی رادەست كرد، دوای چەند رۆژێك چەكی پێ دەدرێت و پارەكەی وەردەگرێت.

شایەنی باسە ئەو بڕە گەنمەی كە ئەمساڵ بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە وەربگیرێت، بە بەراورد بە بڕی بەرهەمی ئەمساڵ زۆر كەمە، بۆیە جووتیاران ناچارن لە دەرەوەی سایلۆكان گەنمەكانیان بفرۆشن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل