پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان

:: AM:09:51:26/05/2023 ‌
لە ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئایار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، لە یادی پیرۆزی شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە ڕێز و شكۆوە شەهیدانی نەمر و ئەو قارەمانانە بە بیر دەهێنینەوە كە لەو ڕۆژگارە سەخت و ئاڵۆزەدا بڵێسەی هەستانەوە و داگیرسانەوەی چرای شۆڕش بوون و دووبارە ئومێد و هیوای ئازادییان لە دڵی گەلی كوردستاندا زیندوو كردەوە.

باسی لەوەش كردووە، شۆڕشی گوڵان وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، سەلمێنەری ئەو‌ ڕاستییە بوو كە هیچ هێز و پیلانێك هەر چەندە گەورە بن، ناتوانن ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی بشكێنن. بۆیە بەوپەڕی ئامادەیی بۆ قوربانیدان، گەلی كوردستان لە شۆڕشی گوڵاندا دووبارە هەستایەوە سەرپێ تا لە ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا بە هەموو هێز و پێكهاتەكانییەوە تاجی‌ سەركەوتنی لەسەرنا.

روونی كردووەتەوە، با یادی شۆڕشی گوڵان بكەینە هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی هەموو هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان، پێكەوە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەراندنی سەختییەكان بكەین تا بتوانین فیدراڵی و دەسكەوت و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزین و بەرەو داهاتوویەكی باشتر هەنگاو بنێین.

لە كۆتایی پەیامەكە هاتووە، بەرز و شكۆدار بێت یادی شۆڕشی گوڵان. دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدان و سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد