به‌غدا بڕوای به‌ فیدراڵی نییه‌ و ناخوازێ هه‌رێمی كوردستان بمێنێت

:: PM:02:50:27/05/2023 ‌
دكتۆر مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی "وشه‌"دا تیشك ده‌خاته ‌سه‌ر ئه‌و پیلانه‌ی له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم دانراوه‌ و ده‌ڵێت، پیلانه‌كانی به‌غدا و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌ پارێزگایه‌ك‌. ده‌شڵێت ئه‌وه‌ی رووی دا، پیلانه‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان  و هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵی 2014 رووی دا .

به‌غدا بۆچی به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كات و هۆكار چییه‌؟

گرفتێكمان هه‌یه‌ وه‌ك حزبه‌كانی كوردستان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ گوێ له‌ كه‌س ناگرن، زۆر به‌ وردی زانیارییان نییه‌، چه‌ندان جار گوتوومانه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق هیچ سوودێكی نییه‌ و ئه‌نجامیشی نابێت، ده‌بێت په‌رله‌مانی عێراق ره‌زامه‌ندی بدات، چونكه‌ پڕۆژه‌یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌تا رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت كراوه‌، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ناڕوات و شیعه‌كان گرفتیان دروست كردووه‌.

ئایا ئه‌وه‌ی ده‌كرێ پیلان نییه‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان؟

پیلانه‌كانی به‌غدا و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌ پارێزگایه‌ك‌، ده‌یانه‌وێ بچووكی بكه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌كرێت شتێكی زۆر خراپ و ناڕاسته‌، هه‌ر ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، چونكه‌ پیلانه‌ دژی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌وان ئه‌وه‌ نازانن و هه‌ر هه‌مان شتیان تێدا ماوه‌ كه‌ له‌ رابردوو به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان ده‌یانكرد.

ئه‌مجاره‌ به‌ته‌واوی دژایه‌تییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كوردستان زۆر بچووك بكه‌نه‌وه‌؟

راستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ هه‌مان شته‌ كه‌ له‌ ساڵی 2014 رووی دا، دژایه‌تی تێدایه‌، له‌ ناوخۆی خۆشمان یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز نین، ئه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌یانه‌وێت مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، به‌غدا بڕوای به‌ فیدراڵی نییه‌، بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ فیدراڵییه‌ یان نا، كورت و پوخت نایانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان بمێنێت و ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و سیاسه‌تی به‌غداش هه‌ر وابووه‌ و نه‌گۆڕاوه‌، سوودانی پیاوێكی خراپ نییه‌، هاتووه‌ دوو قسه‌ی خۆشی كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌موو شت نییه‌ و كۆتایی نییه‌.

سوودیشیان له‌ نه‌بوونی یه‌كڕیزیی كورد وه‌رگرتووه
بۆچوونت له‌باره‌ی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی ئه‌ندامه‌ كورده‌كان چییه‌؟ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كگرتوو و پارتی كشانه‌وه‌ به‌ڵام یه‌كێتی ده‌نگی دا.

به‌ڵێ سوودیشیان له‌ نه‌بوونی یه‌كڕیزیی كورد وه‌رگرتووه‌ له‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم زۆر كه‌م كراونه‌ته‌وه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌، زۆر پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر هه‌رێم دروست كراوه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا و مه‌رجی زۆری بۆ دانراوه‌،  فێڵیش له‌ شانده‌كانی هه‌رێم كراوه‌، په‌رته‌وازه‌ییش له‌ناو كورد خراپتری كردووه‌، نه‌بوونی یه‌كڕیزیی یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه‌ی دروست كردووه‌.

كورد ده‌توانێ چی بكات؟

یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی گرنگترین شته‌، شیعه‌كانن ئه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌ كوردستان كردووه‌، هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌ن هه‌رێم بكه‌نه‌ پارێزگایه‌ك، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌بوو به‌ باشی كار بكرایه‌.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - سلێمان تاشان