تاریق هاشمی: نەدەبووایە دوای رێككەوتن ناكۆكی لەگەڵ هەرێم زیندوو بكرێتەوە

:: PM:06:15:04/06/2023 ‌

وەك بڵێی دەستێك هەیە و بەدوای پاساوە بۆ رێگرتن لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، لە لایەكی تر بۆ زیندووكردنەوەی ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا، كە هەردووكیان لە بەرژەوەندی عێراقییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەردوو حكوومەت نین، تاریق هاشمی، جێگری پێشووتری سەركۆماری عێراق ئاماژە دەكات، نەدەبوایە ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیندوو بكرانایەوە.

تاریق هاشمی لە میانی دیمانەیەكی لەگەڵ ماڵپەڕی "عەرەبی21"، گوتی، لە عێراق پێویستیمان بە چاكسازی و گۆڕانكارییە، ئێمە بوار و هەلمان بۆ ئەوانە هەیە و دۆخەكە بۆ ئەوە گونجاوە، بەڵام هەوڵەكان رووبەڕووی كەسانێكی دەسترۆیشتوو دەبنەوە، كە ناوی نەهێنان، ئەوانەی لە دەوڵەت بەهێزترن و لە سەرووی یاساوەن. 

هاشمی روونی كردەوە، دۆخەكە باش نییە و پێویستی بە راستكردنەوەیە، راشكاوانە و وەك واقیع ئێمە تەنگژەی فەرمانڕەوایەتیمان هەیە، دوای تێپەڕبوونی دوو دەیە ساڵ تا ئێستە چاومان لەوەیە سیستمێكی دیموكراسی بنیات بنێین، لاوازیی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەكان بەڵگەیە بۆ خراپیی سیستمی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانیش بۆ ئەمساڵ 44%ی دەنگدەران لە هەڵبژاردن بێبەش دەكرێن.

سەبارەت بە بودجە و دواكەوتنی پەسندكردنی گوتی، دواكەوتنی بودجە بووەتە نەریتێكی حكوومەتەكانی عێراق، ئەوەش ئاماژەیەكی نەرێنییە لەسەر بێتوانایی دەزگە جێبەجێكارییەكان و بەڵگەیە لەسەر نەبوونی لێكگەیشتن و كۆكی لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكاری و یاسادانانەوە، كە نەدەبوایە بودجە بخرێتە ناو بینە و بەردەی چینی سیاسی و مەبەستە بەرژەوەندخوازییەكانیان.

تاریق هاشمی، جێگری پێشووتری سەركۆماری عێراق دووپاتی كردەوە، چەندان تێبینیم لەسەر بڕگەكانی بودجەدا هەیە و داوای چاوخشاندنەوە پێیان دەكەم، لەگەڵ ئەوەش نەدەبوایە لەو كاتەدا ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیندوو بكرێنەوە، بەتایبەتی كاتێك لەسەر پشكی هەرێم و چارەسەركردنی كێشە داراییەكان لە نێوان هەردوولا رێككەوتن كرابوو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل