"پارتی شاسواری تووشی نەخۆشی دەروونی كردووە"

:: PM:09:25:05/06/2023 ‌

شاسوار تووشی گرێیەكی دەروونی بووە و هەموو قسەكانی بوونەتە هێرشكردن بۆ سەر پارتی، پارتیش حیسابی بۆ ناكا و ئاوڕی لێ ناداتەوە، بۆیە تووشی نەخۆشی دەروونی كردووە و نازانێت چۆن خۆی رازی بكات، ئارامی نەماوە كە دەبینێت لە گۆڕەپانی سیاسیدا هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە و لە دەرەوەی هاوكێشەكەیە، بۆیە تەنیا ئەوەی بۆ ماوەتەوە چەواشەكاری بكات و هیوایەكی پڕ لە درۆ بۆ خەڵك بنیات بنێت.

شوان زراری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید لە هەموو بەهایەك داشۆردراوە، ئەو كەسێكی نەخۆش و ناخی گەنیوە، ئەو پیلان بەرانبەر بە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی خۆشی دادەنێت، حزبێكی دروست كردووە لەسەر بنەمای درۆ و چەواشەكاری، بەم زووانە دەستی كەشف دەبێت و هەموو شتێكی ئاشكرا دەبێت، وەك میزەڵانێك وایە فوی تێكرابێت، سبەی دەرزییەكیان پیا كرد فش دەبێتەوە و بۆ حەوت پشتی ئاقڵ دەبێت و خەڵكیش لە راستییەكان تێدەگەن.

هەروەها گوتی، شاسوار هەموو قسە و پەلامارێكی بۆ سەر پارتییە، راستییەكەی ئەمە گەورەیی پارتیی و بچووكی شاسوارە، خەریكە بۆ مەرحەباییەكی پارتی سواری سەری خۆی دەبێت، بەڵام حیسابی بۆ ناكرێت، ئەوەش شاسواری تووشی نەخۆشی دەروونی كردووە، بۆیە كە دەزانێت پارتی حیسابی بۆ ناكات، هێرش و پەلاماری پارتی دەدات، هەمووان پارتی دەناسن و شاسواریش دەناسن، بۆیە تا ماوە بەو نەخۆشییەوە سەر دەنێتەوە، چونكە لای پارتی حیسابی بۆ نەكراوە و وەك سفری پشت فاریزە وایە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، شاسوار وەك بوكەڵەیەك هەڵدەسووڕێنرێت، هەرچی بۆ دابنێن هەر دەبێت ئەوە بڵێت، نە خاوەنی خۆیەتی و نە خاوەنی قسەو رای خۆیەتی، هەركات لە سەرەوە فەرمانیان پێ كرد دەبێت وەك قورمیش كاری خۆی بزانێت و بیكات، هەر كاتێكیش كاریان پێی نەما دەیكەنە گاڵتەجاڕی خەڵك، پارتی باش دەزانێت ئەو گرێ دەروونییەی لە ناخی شاسواردا هەیە چییە، شاسواریش باش دەزانێت ئەو گرێ دەرونییەی بەچی چارەسەر دەبێت، بەڵام پارتی ئاوەڕی لێ ناداتەوە، بازرگانێكی بەرژەوەندخواز كەی هی ئەوەیە حیسابی بۆ بكرێت، لە هەردوو لاوە فاشیلە، لە لایەك پارەی خەڵكی خواردووە، لە لاكەی تر چەواشەكاری و درۆ.

لای خۆیەوە كامەران جەمیل، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، هەر بەو زمانەی خۆی كە قسە دەكات و پێی وایە كەسێكی دیارە، بەو جۆرە وەڵامی دەدرێتەوە، شاسوار تەنیا سەیرێكی سۆشیال میدیا بكات و ببینێ كە خەڵك چۆن رووی راستی ئەو كەسەیان بۆ دەركەوتووە، ئەوە هەر ئەمڕۆ نەك داهاتوو واز لە هەموو شتێك دێنێت، شاسوار دەیەوێ چی بۆ خەڵك بكات كە لە ناو نەوەی نوێ كەس ناوێرێ قسەیەك بكات و دەبێت رەزامەندی ئەوی لەسەر بێت، لە سەرەوە بۆ خوارەوە جووڵانەوەكەی هەموو كەسە نزیكەكانی خۆیەتی، ئەوەشی پەرلەمانتارە كلكی لە ژێر دەستی شاسوارە و ناتوانن یەك قسە بكەن و یەك هەڵوێستیان هەبێت، چاودێری كۆمێنتەكانیشیان دەكات.

"شاسوار دەیەوێ وا خۆی نیشان بدات كە كەسێكی دیارە و خەیاڵێكی لە مێشكی خۆی چەسپاندووە، لەسەر ئەو خەیاڵەش كۆمەڵێك خەون و هیوا و چەواشەكردنی خەڵكی بنیات ناوە، ئەو ناتوانێت ئیدارەی كەناڵەكەی بدات و پارە بداتە كارمەندەكانی، ئێستە دەیەوێ چی بكات بۆ خەڵك، بە پارەی دزراوی چاڤی لاند خەریكی كارە، ئەمە حزب و خزمەت و دڵسۆزی پێ دەڵێن؟"، كامەران جەمیل، چاودێری سیاسی وا دەڵێت.

پێوەست بەو بابەتەوە هەردین ئەمین، خاوەن پشكێكە بە "وشە"ی گوت، ئەگەر تا ئێستە كەسێك شاسواری نەناسیوە و بە چەواشەكارییەكانی هەڵخەڵەتاوە، با سەیرێكی دۆخی خاوەن پشكەكان بكات، با سەردانێكی بنكەكانی پۆلیس بكات و بپرسێت ئەرێ ئەم كەسە بۆچی هیچ سكاڵایەك دژی ناجووڵێندرێت، بۆچی دادگە لە ئاستی دەستەوەستانە، ئەوە چەندان ساڵە ئێمە هاوار دەكەین و دەڵێین شاسوار مافمانی خواردووە، پارەی ماڵ و منداڵانمانی خواردووە، ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕێت لە میدیاكەیەوە هێڵی سووری بەسەردا دێنێت، رووی راستەقینەی شاسوار لای ئێمەیە، بەڵام ئەمڕۆ و سبەی بۆ خەڵكی تریش ئاشكرا دەبێت كە ئەمە چ كەسێكە و چ چەواشەكار و هەڵسووڕێنراوێكە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل