بۆچی كەسانێك لەگەڵ سەروەری یاسادا نین و چاویان پێی هەڵنایەت؟

:: PM:10:06:05/06/2023 ‌

ئەوانەی باس لە سەروەرنەبوونی یاسا دەكەن، ئەوانەن كە هەمیشە چاویان لەوەیە لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دادوەری دەستوەردانی تیادا بكرێت، كە بەو هۆیەوە شیرازەی كۆمەڵگە تێكدەچێت و ژیانی تاكەكانی دەكەوێتە مەترسییەوە، ئەو كەسانەش هەمیشە بەرژەوەندییان لەوەدایە كۆمەڵگە لە دۆخێكی خراپدا بێت و یاساش نەتوانێت رۆڵی خۆی تیادا بگێڕێت.

هەرێمی كوردستان خاوەنی دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆیە، كە لە كەیس و دۆسیەكاندا سەربەخۆیانە بڕیار دەدات و چەندان دۆسیەی گەورەش یەكلا كراونەتەوە و ماف بۆ خاوەنەكانی گەڕاوەتەوە و كەسی تاوانباریش بە سزای خۆی گەیشتووە، كاتێكیش یاسا كاری خۆی بكات و دەستوەردان لە كارەكانیدا نەبێت، كۆمەڵگە سەقامگیر دەبێت و هاووڵاتییان پارێزراو دەبن، بەوەش ژیانی هەمووان پارێزراو دەبێت.

نەزیرە جاف، شارەزای یاسا و پارێزەری راوێژكار لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، سەروەریی یاسا واتە بەهێزكردنی  كۆمەڵگە و پاراستنی مافی تاك و سەقامگیریی كۆمەڵایەتی دروست دەبێت، لەو حاڵەتەشدا تەواوی كۆمەڵگە لێی سوودمەند دەبێت، سەروەریی یاسا كۆمەڵگە رێك دەخا و ئاسایشی هاووڵاتییان دەپارێزێت، بۆیە پێویستە هەمووان، بەتایبەتی حزبەكان، پشتیوانی و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری بن، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە هەردەم لە ئارامیدا بێت.

زیاتر گوتی، پێویستە سەروەریی یاسا لای هەمووان گرنگ بێت و لە ژیانیاندا پابەندی یاسا و دادگە و بڕیارەكانی بن، چونكە ئەوە بەرژەوەندی گشتییە و پاراستنی سەر و ماڵیانە، هەر كەسێك سەروەریی یاسای لا گرنگ نەبوو، دیارە بەرژەوەندی تیادا نییە و بەرژەوەندی لەوەدایە كە یاسا سەروەر نەبێت، بۆیە كەسانێك هەمیشە بەدوای ئەوەن كە بوونی یاسا نەمێنێت، ئەو كەسانەشی پێڕەوی یاسا ناكەن، ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێك دەدەن و بارگرانین بۆ سەر كۆمەڵگە.

لای خۆیەوە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، كوردستان ئەو هەموو خەبات و خوێنەی داوە بۆ ئەوەی خاوەن یاسا بێت و دەسەڵاتی دادوەری و دادگەكان سەروەر بن و كۆمەڵگە رابگرن و ژیانی خەڵك بپارێزن، ئێمە خەباتمان بۆ ئەوە نەكرد كە یاسا دەستوەردانی تیادا بكرێت و سەروەر نەبێت، بۆیە هەموومان ئەوەمان دەوێ كە یاسا خاوەن بڕیار و سەروەر بێت و ئەگەر لارییەك هەبوو یان هەڵەیەك كرا یاسا چاكی بكاتەوە، دووپاتی كردەوە، هەر یاسایە كۆمەڵگە رێك دەخات، هەر نەتەوە و وڵاتێك كاری بە یاسا نەكرد، بەرەو ئاقارێكی خراپ دەڕوا و كۆمەڵگە دەبێتە شوێنی تاوان و شەڕ و رێگری و كاری خراپ و مەترسیدار، دواجاریش ئەوەی زیان دەكات كۆمەڵگەیە بە گشتی.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد، یاسا بەبێ جیاوازی كاری خۆی دەكات، كێ تاوانی كرد یان دژی یاسا كاری كرد سزا دەدرێت، كێش ستەمی لێ كرا یاسا مافی بۆ دەگێڕێتەوە، كێ هەیە لەگەڵ ئەوە نەبێت كەسێك مافی زەوت بكرێت و ستەمی لێ بكرێت نەیەوێ یاسا سەروەر بێت.

پێوەست بەو پرسە رابەر مەجید، چالاكی سیاسی بە "وشە"ی گوت، سەروەریی یاسا لە بەرژەوەندی لایەنێك و دژی لایەنێك نییە، یاسا بۆ هەمووانە و بەبێ جیاوازی بەسەر هەموواندا دەسەپێندرێت، ئەوەی تاوانی كردبێت یان پێچەوانەی یاسا كاری كردبێت، یان هەر شتێك كە بووبێتە هۆكاری هەر دۆخێك و دروستكردنی ئاڵۆزی و ئەوەی لەگەڵ یاسا یەك ناگرێتەوە، پێویستە هەمووان پاڵپشتی یاسا بین و كاری بۆ بكەین، چونكە یاسا بڕبڕەی پشتی هەر وڵاتێكە، یاسایە دەتوانێت وڵات رابگرێت و هەر یاساش دەتوانێت وڵات بەرەو ناسەقامگیری ببات.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل